رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بانگهێشتی هەڵەبجە کراوە، بۆ ئەوەی 16ی ئەم مانگە لە ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە ئامادە بێت، بەڵام بە ئەگەرێکی زۆر سەردانەکە بۆ کاتێکی دیکە دوادەکەوێت.
چرۆ حەمە شەریف، نوێنەری هەڵەبجە لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 2025-03-12 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕی نزیکەی دوو ملیار دیناری بۆ دروستکردنی پڕۆژەی دەروازەی هەڵەبجە خەرج کردووە.
دوێنێ تیمێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق چوونەتە سلێمانی لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکار بەدواداچوونیان کردووە لەبارەی تەواوبوونی پڕۆژەکە، بەڵام هێشتا پڕۆژەکە کارەکانی تەواو نەبووە. سەرپەرشتیارانی پڕۆژەکە گوتوویانە، تاوەکو پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە کارەکانی تەواو دەبێت کە دەکاتە "دوو مانگ پێش وادەی خۆی."
چرۆ حەمە شەریف کە بانگهێشتنامەکەی بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق ناردووە، دەڵێت، سوودانی نایەوێت بە دەستی بەتاڵ بێتە هەڵەبجە، دەیەوێت لەکاتی سەردانەکەیدا پڕۆژەی دەروازەی هەڵەبجە بکاتەوە، تاوەکو ئێستاش نووسینگەی سوودانی ئاگاداری نەکردوونەتەوە کە سەرۆکوەزیران دەچێتە شارەکە، بۆیە بە ئەگەرێکی زۆر سەردانەکەی بۆ هەڵەبجە بۆ کاتێکی دیکە دوادەکەوێت.
16ـی ئادار ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەیە لەلایەن رژێمی پێشووی عێراقەوە، ئەم ساڵ بۆ یەکەم جار لە عێراق پشووی فەرمی دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ