رووداو دیجیتاڵ
دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق رایگەیاند، کشانەوەى دادوەرە کوردەکە کاریگەریی لەسەر بەڕێوەچوونى کارەکانى دادگەکە نابێت و دادوەرە یەدەگەکان جێگەى دەگرنەوە.
رۆژی 12ـی ئادارى 2024، دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق روونکردنەوەیەکى لەبارەى کشانەوەى عەبدولرەحمان زێبارى، لە ئەندامیێتى ئەو دادگەیە بڵاوکردەوە.
دادگەى فیدراڵى دەڵێت "کشانەوەى ئەو دادوەرە کاریگەریی لەسەر بەڕێوەچوونى کارى دادگەکە نابێت و سێ دادوەرى یەدەگ هەن کە جێگەى دەگرنەوە."
رۆژی 12ـی ئادارى 2024، عەبدولڕەحمان زێباری، ئەندامى دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەڤانیدا لە هەولێر کشانەوەى لە ئەندامیێتى دادگەى فیدراڵى راگەیاند، کە یەکێک بوو لە نۆ ئەندامە بنەڕەتییەکەى ئەو دادگەیە.
عەبدولڕەحمان زێباری هۆکارى کشانەوەکەى بەستەوە بە هەنگاوەکانى دادگەى فیدراڵى بەرەو ناوەندیێتى و دوورکەوتنەوە لە فیدراڵى.
بەگوێرەى یاساى دادگەى باڵاى فیدراڵى، لەکاتى چۆڵبوونى شوێنى یەکێک لە دادوەرانى بنەڕەتى، دادوەرێکى یەدەگ جێگەى دەگرێتەوە.
دادوەران عادل عەبدولڕەزاق، خالید تەها و مونزیر ئیبراهیم، هەر سێ دادوەرى یەدەگى دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراقن، کە خەڵکى شارەکانى بەغدا، بەسرەن و هەر سێکیشیان عەرەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ