ئەمیندارى گشتیى رەوتى سەدر دەستى لەکارکێشایەوە

12-03-2023
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەمیندارى گشتیى رەوتى سەدر دەستى لەکارکێشایەوە و بەرپرسێکى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان دەڵێت: "تائێستا رەوتەکەى ناوى جێگرەوەى نەناردووە." 
 
بەگوێرەى نووسراوێک کە ئاراستەى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراقى کردووە، نەسار روبەیعى، ئەمیندارى گشتیی رەوتى سەدر داواکارى دەستلەکارکێشانەوەى پێشکێشکردووە و ئاماژەى بەوە داوە کە بەشێوەیەکى "یەکجاریی و بەهۆى دۆخى تایبەتى خۆیەوە" دەست لە ئەندامێتى فراکسیۆنى ئەحرار دەکێشێتەوە. 
 
فراکسیۆنى ئەحرار بە باڵى سیاسی رەوتى سەدر ناسراوە، ئەو رەوتە لە هەڵبژاردنى 2021ى پەرلەمانى عێراق 73 کورسی بەدەستهێنا، بەرلەوەى سەرجەم ئەندامەکانیان لە 12ى حوزەیرانى 2023 دەست لەکاربکێشنەوە. 
 
رۆژی 12ى ئادارى 2023، هەیمان تەحسین، بەڕێوەبەرى فەرمانگەى پارت و رێکخراوە سیاسییەکانى سەر بە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: لە 27ى کانوونى دووەمى 2023 رەزامەندییان لەسەر دەستلەکارکێشانەوەى نەسار روبەیعى دەربڕیوە کە چیدیکە ئەندامى ئەو پارتە نییە.
 
هەیمان تەحسین گوتیشى: "نەسار روبەیعى، ئەندامى دەستەى سیاسیى پارتەکەى بووە و بەگوێرەى پەیڕەوى ناوخۆى پارتەکە، دەبێت جێگرەوەیەک بۆ نەسار روبەیعی دابندرێت، بەڵام تائێستا ناویان بۆ جێگرەوەى نەناردووە." 
 
موقتەدا سەدر سەرۆکایەتیى رەوتى سەدر دەکات کە یەکێکە لە گرووپە ئایینى و سیاسییەکانى شیعەى عێراق و لەدواى ساڵى 2003 پێکهێندراوە.
 
نەسار روبەیعى، ساڵى 2005 ئەندامى کۆمەڵەى نیشتیمانیى عێراق بووە، ئەندامى لیژنەى نووسینەوەى دەستوور بووە، ساڵى 2005 بووە بە ئەندامى پەرلەمانى عێراق و سەرۆکی فراکسیۆنى ئەحرار بووە، ساڵى 2010 بۆ 2014 وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى عێراق بووە. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بازگەی شێراوە لە رێگەی هەولێر بە ئاراستەی کەرکووک.

میقداد میری: سبەی هەینی قەدەخەی هاتووچۆ لەنێوان پارێزگاکان بەردەوام دەبێ

میقداد میری، گوتەبێژى لیژنەى باڵاى ئەمنیى سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان رایگەیاند، سبەی هەینی قەدەخەی هاتووچۆی نێوان پارێزگاکان بەردەوام دەبێت، بەڵام لەنێو شارەکاندا هاتووچۆ ئاسایی دەبێتەوە.