رووداو دیجیتاڵ
مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى پێشووى عێراق رایگەیاند، قەبارەى ئەو زیانەى لە دواى 2003 بەهۆى گەندەڵییەوە بەر عێراق کەوتووە، زیاتر لە 600 ملیار دۆلار بووە؛ کاتێک سەرۆکوەزیران بووە پەیامى ئێران و ئەمریکییەکانى بۆ یەکدى بردووە و سێ جاریش هەوڵى کوشتنى دراوە.
کاتێک سەدام حوسێن لەسێدارەدرا، وەک مستەفا کازمى دەڵێت، "تەرمەکەیان لەنێوان خانووەکەی من و نوورى مالیکى فڕێداوە و لە دواى دەرکەوتنى داعش، تەرمەکەى لە شارى تکریت بۆ شوێنێکى نادیار براوە."
مستەفا کازمى لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەى شەرقولئەوسەت، باسی لە وردەکاریى ئەو رووداوانە کردووە کە لە ماوەى دەسەڵاتیدا وەک سەرۆکوەزیران روویانداوە.
مستەفا کازمى رایگەیاندووە کە لە هەفتەکانى سەرەتاى دەستبەکاربوونى حکومەتەکەیەوە پرۆسەى "بە شەیتانکردنى" ئەو ئەزموونە دەستیپێکردووە و ئەو گرووپانەى کە لە دەرەوەى دەسەڵاتى دەوڵەت بوون بەرامبەر بە هەموو هەوڵێک دەوەستانەوە کە بەگوتەى ئەو، لە خزمەتى گەل بووبێت. دەشڵێت: "ئەو پرۆسەى بە شەیتانکردنى حکومەتەکە بەردەوامبوو، تاوەکو دواى کۆتایی هاتنى وادەى حکومەتیش و پەنا بۆ تۆڵەسەندنەوە و تۆمەتى هەڵبەستراو برا."
مستەفا کازمى لە نێوان 2020 بۆ 2022 پۆستى سەرۆکوەزیرانى گرتە دەست، بەرلەوەى ئەو پۆستە وەربگرێت، سەرۆکى دەزگاى هەواڵگرى عێراق بوو.
قەبارەى گەندەڵى 600 ملیار دۆلار بووە
مستەفا کازمى دەڵێت، یەکەم نووسراو لە دواى دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکوەزیران واژۆیکرد، لە 19ى ئابى 2020 بوو کە تایبەت بوو پارەى باجى کۆمپانیاکانى نەوت کە بە دۆسیەى سەدە ناسراوە و "داوامکرد لێکۆڵینەوە لەبارەیەوە بکرێت."
"دزی سەدە" بریتى بوو لە دزینی 2.5 ملیار دۆلاری پارەى هەژمارى سپاردەى دارایی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیى باجى عێراق لە بانکى رافیدەین لەلایەن پێنج کۆمپانیاوە.
مستەفا کازمى ئاماژەى بەوە داوە، بەر لەوەى دەسەڵات بگرێتە دەست، "گەندەڵى" لە دەوڵەتى عێراق بەربڵاوبووە و بە گوتەى ئەو، لە نێوان ساڵانى 2003 بۆ 2020 بەهۆى گەندەڵییەوە زیاتر لە 600 ملیار دۆلار زیان بەر عێراق کەوتووە.
پەیامبەرى نێوان ئەمریکا و ئێران
مستەفا کازمى ئاشکرای دەکات کە ئەو کاتەى سەرۆکوەزیران بووە لە رێگەی نامەوە پەیامی لەنێوان ئەمریکا و ئێران گواستووەتەوە و رۆڵی هەبووە لە پرسى ئازادکردنى ئەو بەندکراوە ئەمریکییانەى کە بە رەچەڵەک ئێرانى بوون و بەشێکیان ئازادکران.
مستەفا کازمى دەڵێت، "لە کۆمارى ئیسلامیى ئێران چاوم بە هەندێک لەو بەندکراوانە کەوتووە و دیدارەکە نھێنى بوو."
سێ هەوڵى کوشتن
مستەفا کازمى ئاماژەى بەوە داوە، لە ماوەى دەسەڵاتیدا وەک سەرۆکوەزیران، سێ جار هەوڵى کوشتنى دراوە، یەکەمیان لە پارێزگاى میسان بووە، کاتێک بەگوتەى خۆى، سەردانى یەکێک لە دەروازە سنوورییەکانى ئەو پارێزگایەى کردووە، بەمەبەستى "رێگریکردن" لە بەقاچاخبکردنى دراو، لەکاتى گەڕانەوەى بە هێلیکۆپتەر تەقەى لێکراوە. دەشڵێت: "گرووپێکى چەکدارى دەرەوەى دەسەڵاتى دەوڵەت کە کۆنترۆڵی دەروازە سنوورییەکەى میسانى کردبوو، لەپشت ئەو هەوڵى کوشتنەوەم بوو، بەبێ ئەوەى کەس لەسەر ئەو هەوڵى کوشتنە دەستگیر بکرێت."
جارى دووەم، بەگوتەی سەرۆکوەزیرانى پێشووی عێراق، لە سنوورى پارێزگاى سەلاحەدین هەوڵى کوشتنى دراوە، لە رێگەى مووشەکەوە کاتێک سەردانى پرسەیەکى سوننەکانى کردووە، پەیوەندیان بەو لایەنەوە کردووە کە مووشەکى ئاراستە کردوون، بەڵام پێیان گوتوون کە تەقاندنى مووشەکەکە مەشق بووە.
مستەفا کازمی لەبارەى سێیەمجاریشەوە ئاماژەى بەوە داوە، لە رێگەى دوو درۆنەوە بووە کە هێرشیانکردووەتە سەر ماڵەکەی لە بەغدا.
تەرمى سەدامیان بردە بەردەم خانووەکەى
مستەفا کازمى ئاماژە بەوە دەکات، لە دواى لەسێدارەدانى سەدام حوسێن، سەرۆکى پێشووترى عێراق تەرمەکەیان لەنێوان خانووەکەی و خانووى نوورى مالیکى، سەرۆکوەزیرانی پێشووترى عێراق فڕێداوە. دەڵێت: "ئەو کارەم رەتکردەوە، ژمارەیەک پاسەوانم بینى کە کۆببوونەوە و پێم گوتن، لێرە دووربکەونەوە، وەک رێزێک بۆ تەرم."
بەگوتەى کازمى، ئەوکات نوورى مالیکى فەرمانیداوە بەوەى تەرمەکە رادەستى یەکێک لە کەسایەتییەکانى خێڵى نەدا بکەن کە خێڵەکەى سەدام حوسێنە و لە ناوچەى سەوز تەرمەکەیان وەرگرتووە و لە تکریت بەخاکیان سپاردووە.
وەک مستەفا کازمى دەڵێت: "کاتێک داعش ئەو ناوچەیەى کۆنتڕۆڵکرد، گۆڕى سەدام تێکدرا و تەرمەکەشان بەرەو شوێنێکى نهێنى برد کە تاوەکو ئێستا نەزانراوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ