شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی یاسای نەوت و گاز دەچێتە بەغدا
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ شاندێکی حکومەتی کوردستان دەچێتە بەغدا و ژمارەیەک کۆبوونەوەی دەبێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، 12-03-2023، شاندێکی تەکنیکیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی د. عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا.
هەر بەپێی زانیارییەکان، ئامانج لە سەردانی شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە دەبێت لەگەڵ بەرپرسانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی پڕۆژەیاسای نەوت و گاز و یەکەم کۆبوونەوەیشی لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی عێراق دەبێت.
مانگی رابردوو شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراق چەند جارێک سەردانی بەغدای کرد.
رۆژی 11-2-2023، شاندەکە چووە بەغدا و ژمارەیەک کۆبوونەوەی هەبوو؛ رۆژی 19ـی شوباتیش شاندەکە بۆ جاری دووەم لە مانگی شوباتدا چووەوە بەغدا و چەند کۆبوونەوەیەکی کرد. 26ـی شوباتیش شاندەکە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە.
رۆژی 21-02-2023، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کە ئەندامی شاندەکەی حکومەتە گوتی، "تا دەگەین بە چارەسەری بابەتە هەڵپەسێردراوەکان بەتایبەتی یاسای نەوت و گاز و پڕۆژەیاسای بودجە، گفتوگۆکانمان بەردەوام دەبن."
حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت حکومەتی ئێستای عێراق لە رێگەی دەرچوونی یاسای نەوت و گازەوە کۆتایی بە کێشەی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق لەبواری نەوت و گاز بهێنێت.