دانیشتنی دادگەی فیدراڵی لەبارەی سکاڵای سەرۆککۆماری عێراق دواخرا

12-02-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، دانیشتنی خۆی بۆ بڕیاردان لەسەر سکاڵاکەی سەرۆککۆماری عێراق لەدژی سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری دارایی عێراق، بۆ 18ـی 2-2025 دواخست.
 
لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، لەبارەی پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، رۆژی 20-1-2025 سکاڵای یاسایی لەسەر محەممەد، شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق تۆمارکردبوو.
 
هەمان رۆژ، هاوڕێ تۆفیق، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق باسی لە نێوەڕۆکی سکاڵاکەیان کرد و گوتی "داوامان کردووە؛ دادگەی فیدراڵی فەرمانی وەلائی بۆ خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەردەوام و بێ دواکەوتن، دەربکات و بابەتە هونەرییەکان نەبنە هۆکاری دواخستنی مووچە." 
  
ئەم پێشهاتانە لەکاتێکدان؛ مووچەی مانگی 12ـی پاری مووچەخۆران دابەش نەکراوە. 
 
حکومەتى هەرێمى کوردستان 11 مووچەى ساڵی رابردووی دابەشکردووە، بەڵام وەزارەتى دارایی عێراق جەخت دەکاتەوە لەوەی مووچەى سەرجەم مانگەکانی 2024ـی ناردووە.
 
رۆژی 3-2-2025 ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە رایگەیاند، "لەگەڵ عێراق رێککەوتین مووچەی ئەم ساڵ بەبێ گرفت خەرج بکرێت." 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە