قاسم ئەعرەجی: 3000 چەکداری داعشمان لە هەسەدە وەرگرتووەتەوە

12-02-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 12100 عێراقی لە کەمپی هۆل گەڕێندراونەتەوە، هێشتا 16 هەزار کەسی دیکە لە کەمپەکەدا ماون.
 
حکومەتی عێراق لە مانگی ئایاری ساڵی 2021دا پرۆسەی گەڕانەوەی عێراقییەکانی کەمپی هۆلی دەستپێکرد.
 
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، حکومەتی عێراق 3000 چەکداری داعشی لە زیندانەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) وەرگرتووەتەوە، "دەیەوێت هەموو عێراقییەکانی کەمپەکە بگەڕێنێتەوە و دوای شیاندنەوەیان، دەیانگەڕێنێتەوە زێدی خۆیان."
 
هاوکات ئەعرەجی داواشی لە وڵاتانی دیکە کرد، خەڵکی خۆیان لە کەمپەکە بگەڕێننەوە، بۆئەوەی بە تەواوی دابخرێت، چونکە خەڵکی 60 وڵاتی تێدایە.
 
راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق ئەو قسانەی لە سێیەمین کۆنفرانسی بەرز راگرتنی رۆژی جیهانیی رێگریکردن لە تووندڕەوی کە سەر دەکێشی بۆ تیرۆر، لە شاری بەغدا کرد.
 
عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە 12-02-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، پرۆسەی گەڕانەوەی عێراقییەکانی کەمپی هۆل بەردەوامە، رێکاری پێویست بۆ وەرگرتنەوەیان گیراوەتەبەر.
 
کەمپی هۆل دەکەوێتە پارێزگای حەسەکە و لەژێر دەسەڵاتی هەسەدەدایە. زۆربەی نیشتەجێی کەمپەکە ژن و منداڵی چەکدارانی پێشووی داعشن.
 
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گوتی، ئەمانە دوای گەڕانەوە، دەبرێنە کەمپی جدعە بۆ شیاندنەوە، دواتر دەگەڕێندرێنەوە زێدی خۆیان.
 
کەمپی جەدعە لە سنووری شارۆچکەی گەیارە لە پارێزگای نەینەوا، کە ساڵی 2021 بۆ وەرگرتنی کەسوکاری چەکدارانی داعشی عێراقی دروستکرا.
 
رێکخراوی داعش لە ساڵی 2017 لە عێراق و دواتریش لە سووریا شکستیهێنا و بەرەو لاوازی چوو. بەشێکی زۆری سەرکردەکانیان کوژران و ئەندامەکانیشیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف.

خۆڵبارین فڕۆکەخانەی نەجەفی داخست و گەشتەکانی فڕۆکەخانەی بەغدا بەردەوامن

بەهۆی خۆڵبارینەوە فڕۆکەخانەی نەجەف داخرا، فڕۆکەخانەی بەسرە دوای ماوەیەک راگرتن، گەشتە ئاسمانییەکانی دەستیپێکردووەتەوە و گەشتەکانی فڕۆکەخانەی بەغداش بەردەوامن.