رووداو دیجیتاڵ
موقتەدا سەدر لە پۆستێکیدا لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی، بێبەرییە لە سەرجەم ئەوانەی کە دەڵێن، ئەو ئیمام مەهدییە و دەڵێت: "من هیچ نیم جگە لە سەربازێک لە سەربازەکانی، ئەگەر شایانی ئەوەش بم."
چوارشەممە، 12ـی شوباتی 2025، موقتەدا سەدر، سەرۆکى رەوتى نیشتمانیی شیعە، لە پەڕەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی ئێکس بڵاوی کردەوە، "خودایە من نامەوێت پەلە لە شتانێک بکەم کە تۆ دواتخستوون شتانێکیش دواناخەم، کە تۆ پەلە لە روودانیان دەکەیت. بەڵام ئەگەر گەورە و سەروەرم ئیمام مەهدی حوجە کوڕی حەسەن سڵاوی خوای لەسەر بێت دەرکەوت، من لە بەردەم خوا، پێغەمبەر و وەلییەکەی بەڵێن دەدەم، کە پابەندی بم."
موقتەدا سەدر هەروەها نووسیویەتی: "من بەیعەتی پێدەدەم لەسەر گوێڕایەڵی و قوربانیدان بە باشترینەکانم، بە مەبەستی دۆسیەی چاکسازی کە هەموو زەوی پڕبێت لە دادپەروەری، کە ئێستا پڕە لە زوڵم و ستەم."
سەرۆکى رەوتى نیشتمانیی شیعە دژی ئەوانە دەوەستێتەوە کە بە ئیمام مەهدی دەزانن و دەڵێت: "لەمنەوە ئەی پێشەواکەم، گوێڕایەڵی بۆ گشت فەرمان، نەهی و بڕیارەکانت، بە رەزامەندی و قەناعەتەوە تۆ بەڵگەی خودای لەسەر زەوی. هەروەک چۆن بێبەریم لە سەرجەم ئەوانەی کە دەڵێن، گوایە من ئیمام مەهدیم، من هیچ نیم جگە لە سەربازێک لە سەربازەکانت، ئەگەر شایانی ئەوەش بم."
ئیمام مەهدی دوایین و 12ـەمین ئیمامی شیعەکانە، بەلای شیعەکانەوە سبەی 13ی شوبات، رۆژی لە دایکبوونیەتی، بۆیە لە زۆربەی پارێزگاکانی عێراق کراوەتە پشوو.
سەدر لە پۆستەکەیدا لەبەر ئیمام مەهدی دەپاڕێتەوە و دەڵێت: "لای خوا شەفاعەتم بۆ بکە، بۆ ئەوەی لە نێوان دەستەکانت بم لە دونیا و رۆژی دواییدا، بە حەقی خۆت و باوباپیرانت، بە حەقی پێشەوام فاتیمەی زەهرا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ