بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەکانی عێراق رادەستی وەزارەتی گواستنەوە کرا

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمڕۆ بە فەرمی بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەکان رادەستی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق کرا. ئەو وەزارەتە دەڵێت، "بە کردەیی لە هەموو فڕۆکەخانەکان دەبین".
 
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، رۆژی دووشەممە 12ی شوباتی 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ بە فەرمی بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەکانی عێراق لە دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنییەوە رادەستی وەزارەتی گواستنەوە کرا، بڕیارەکەش لە بەیانییەوە جێبەجێ دەکرێت..
 
هەر لەوبارەوە جیهاد دیوان، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراق، رۆژی دووشەممە 12ی شوباتی 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراق بە فەرمی بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەکانی رادەستی وەزارەتی گواستنەوە کرد و وەزیری گواستنەوە هاتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و بە فەرمی بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەکانی رادەست کرا. 
 
لەو چوارچێوەیەدا رەزاق محێبس سەعداوی، وەزیری گواستنەوەی عێراق رۆژی دووشەممە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کۆبوونەوەیەکی فراوانی کرد لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەت و  دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی.
 
وەزیر کۆمەڵێک راسپاردەی دا سەبارەت بە پێویستی کاری هاوبەشی نێوان دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی و کۆمپانیای بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەکان.
 
وەزیری گواستنەوەی عێراق جەختی لەوەکردەوە، بە مەیدانی لە هەموو فڕۆکەخانەکان دەبن بۆ سەرپەرشتیکردن، رێکخستن، پلان و کاری فڕۆکەخانەکان، بەشێوەیەک کە خزمەت بە گەشتیاران بکات.
 
لە عێراق شەش فڕۆکەخانەى فەرمى هەن کە گەشتى نێوخۆیی و دەرەکیان لێوە دەکرێت، کە پێکهاتوون لە فڕۆکەخانەکانى بەغدا، هەولێر، سلێمانى، کەرکووک، نەجەف و بەسرە.
 
دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنیی عێراق، باڵاترین دەسەڵاتی بەرپرس بووە لە چاودێری ئاسمانیی عێراق و مۆڵەتدان بە تیمی فڕۆکەوانی، رێگەدان بە نیشتنەوە و فڕینی فڕۆکە لە فڕۆکەخانەکانی عێراق.
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی رۆژی 28ی تشرینی دووەمی 2023 بڕیاریدا ئیدارەی فڕۆکەخانەکانی عێراق لە دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراقی وەربگرێتەوە و  بخرێتە سەر کۆمپانیای خزمەتگوزاریی ئاسمانی لە وەزارەتی گواستنەوە، ناوی کۆمپانیاکەش بکرێتە کۆمپانیای گشتیی ئیدارەی فڕۆکەخانەکان و گەشتی ئاسمانی.
 
عیماد عەبدولرەزاق ئەسەدی، سەرۆکی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی بە وەکالەت، رۆژی 07-01-2024 دەستلەکارکێشانەوەی پێشکێش بە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد.
  
جیهاد دیوان، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراق، رۆژی سێشەممە 09-01-2024، دەستلەکارکێشانەوەکەی سەرۆکەکەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو پشتڕاست کردەوە، بەڵام گوتی، "نازانم هۆکاری سەرەکی دەستلەکارکێشانەوەکە چییە، بابەتەکە تایبەتە بە سەرۆکی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق."
 
لە دەقی نووسراوی دەستلەکارکێشانەوەکەدا عیماد عەبدولڕەزاق ئەسەدی، سەرۆکی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق دەڵێت، "بەهۆی ئەو گوشارانەوەیە کە لە سەرووی تواناکانمە".