عەبدولخالق تەلعەت: لیوا هاوبەشەکان لەگەڵ پێکهێنانی حکومەتی عێراقدا کارا دەبن

12-02-2022
جووتیار قارەمان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەشێکی زۆر لەو پێشمەرگانەی سەر بە دوو لیوا هاوبەشەکەی نێوان سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگەن بۆ ئەوەی بچنە ئەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنییان تێدایە چاوەڕێی ئەوەن دەستبەکار ببن. نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانی عێراقیش رایدەگەیێنێت، ئەو لیوا هاوبەشانە لەگەڵ پێکهێنانی حکومەتی عێراقدا کارا دەبن.
 
لیوا عەبدولخالق تەلعەت، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانی عێراق بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "هەموو کارەکانی لیوا هاوبەشەکان تەواو بووە تەنیا کێشەی دابینکردنی مووچەی ماوە کە دەبێت بڕیارەکەی واژۆ بکرێت. چاوەڕێی ئەوەین کە سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران هەڵبژێردرێن، چونکە ئەم حکومەتەی ئێستا کاربەڕێکەرە و ناتوانێت بڕیار لەسەر بودجە و مووچە بدات. ئەو لیوایانە لەگەڵ پێکهێنانی حکومەتدا کارا دەبن."
 
نوێنەرەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەی خستەڕوو، عێراق لەبەر ئەوەی تواناکەی بەسەر چەندین جۆر هێزدا دابەش و پەرت بووە، ناتوانێت بە باشی و رێکوپێکی رووبەڕووی داعش ببێتەوە، بۆیە هانای بۆ هێزەکانی پێشمەرگە هێناوە.
 
لیوا عەبدولخالق تەلعەت ئاماژەی بەوەش دا، مەترسییەکانی داعش بە هیچ شێوەیەک تەواو نابن، کەم و زیاد دەکەن، بەڵام دواییان نایەت. رۆژانە دەبینین کە چەکدارەکانیان لە نێوەڕاستی عێراق بە تایبەتی لە سنووری پارێزگای دیالە هێرش دەکەن و پەلاماری هێزە ئەمنییەکان دەدەن. 
 
بەگوتەی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانی عێراق، چەکدارانی داعش ئەگەر بتوانن و دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت، هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی پێشمەرگەیش.
 
لیوا عەبدولخالق گوتیشی: "ئەو بۆشاییە سیاسییەی دوای هەڵبژاردن دروست بووە و نەتوانراوە حکومەت پێکبهێنرێت، هۆکارێکە کە داعش زیاتر هێزی خۆی کۆ بکاتەوە و هەوڵ بدات پەلاماری هێزە ئەمنییەکانی عێراق بدات."
 
باسی لەوەیش کرد کە هۆکارێکی دیکە ئەوەیە هێزە سەربازییەکانی هاوپەیمانان لەسەر زەوی بەشداریی چالاکییە سەربازییەکان ناکەن و تەنیا بە ئاسمانی بەشدار دەبن. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە