هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت: دۆسیەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان سیاسی نییە

رووداو دیجیتاڵ
 
هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنى دەوڵەت رایگەیاند، هیچ هەڵوێستێکى سیاسی بەرامبەر بە دۆسیەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان نییە و ئەوەى هەیە پرسێکى تەکنیکییە کە دەکرێت رێککەوتنی لەسەر بکرێت. ئاماژەى بەوەشدا کە ئەم ساڵ دوا ساڵى ئەو خولەى پەرلەمان و حکومەتە و داوا کرا هەموو لایەنەکان لە ئاستێکى باڵاى پەرۆشی بن بۆ جێبەجێکردنى ئەو پابەندییانەى لەسەریانە.
 
شەوى یەکشەممە 12ى کانوونى دووەمى 2024، هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنى دەوڵەت بە بەشداریی نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان کۆبووەوە.
 
بە گوێرەى راگەیێندراوێکى ئەو هاوپەیمانێتییە، هیچ هەڵوێستێکى سیاسی بەرامبەر بە دۆسیەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان نییە و ئەوەى هەیە پرسێکى تەکنیکییە کە دەکرێت رێککەوتن لەسەر داڕشتەیەک بکرێت بۆ چاسەرکردنى لە رێگەى گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن دوور لە "سەکۆکانى ئاڵۆزیى راگەیاندن".
 
ئەو هاوپەیمانێتییە ئاماژەى بەوەدا، ئەم ساڵ دوا ساڵى ئەم خولەى پەرلەمان و حکومەتە، داوا کرا هەموو لایەنەکان لە ئاستێکى باڵاى پەرۆشى بن بۆ جێبەجێکردنى ئەو پابەندییانەى لەسەریانە و لە کارنامەى حکومەتدا بۆ هەموو بوارەکان رێککەوتنى لەسەرکراوە.
 
 
کۆبوونەوەکە لە کۆشکى حکومى لە بەغدا بە بەشداریی محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق ئەنجامدرا.
 
هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنى دەوڵەت پاڵپشتیی خۆى بۆ چاکسازییە دارایی و ئابوورییەکانى حکومەت دووپات کردووەتەوە کە دەکرێت ببنە هۆى پارێزگارى لە سەقامگیریى دارایی و ئابوورى.
 
لە بەشێکى دیکەى راگەیێندراوەکە، ئەو هاوپەیمانێتییە داواى کردووە عێراق بەردەوام بێت لە تێڕوانینە جێگیر و مەبدەئییەکانى لەبارەى مامەڵەکردن لەگەڵ ئاڵنگاری و رووداوە هەرێمى و نێودەوڵەتییەکان بە شێوەیەک کە بەرژەوەندى عێراق بپارێزێت و بەدوورى بگرێت لە ململانێ و قەیران.
 
هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنى دەوڵەت ئاماژەى بەوەداوە کە بەشدارانى کۆبوونەوەکە باسیان لە دۆخى سووریا کردووە و ئامادەیی عێراقیان پیشانداوە بۆ پاڵپشتیی گەلى سووریا و چاودێریکردنى گۆڕانکارییە سیاسییەکان لەو وڵاتە لە رێگەى نواندنى هەڵوێستەوە، بە تایبەت ئەوەى پەیوەندارە بە هەڵوێستى روون بەرامبەر بە تیرۆر.
 
هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت پێکھاتووە لە هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى کە شیعەن، پارتى دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، نوێنەرى سوننە، بزووتنەوەى بابلیون کە کریستیانە لەگەڵ بەرەى تورکمانى عێراق.