رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق ماوەى کارکردنى سەرۆکى بەڕێوەبردنى هەڵبژاردنى بۆ ساڵێکى دیکە درێژکردەوە. بە گوتەى بەرپرسێکى کۆمیسیۆن، ئەو هەنگاوە بۆ ئامادەکاریى هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى عێراقە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، بە زۆرینەى دەنگى ئەندامانى ئەنجوومەنى کۆمیسیاران، عامر موسا حوسێنی، وەک سەرۆکى بەڕێوەبردنى هەڵبژاردنى ئەو کۆمیسیۆنە دیاریکراوەتەوە.
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "دەنگدانەکە بۆ دووبارە جێگیرکردنەوەى بووە لەو پۆستە کە پێشتر بەڕێوەى بردووە، ئەو کەسەى لەو پۆستەدایە دەبێت ساڵانە بۆى نوێ بکرێتەوە یان کەسێکى دیکە لە جێگەى هەڵبژێردرێت".
بە گوێرەى راگەیێندراوێکى کۆمیسیۆن، ئەو دەنگدانە لەسەر بنەماى درێژکردنەوەى ماوەى کارکردنى ئەندامانى ئەنجوومەن بووە لە لایەن ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراقەوە.
بڕیارە لە کۆتایی مانگى تشرینى یەکەمى ئەم ساڵ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق بکرێت، بۆ بەڕێوەبردنى ئەو هەڵبژاردنەش ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق 8ى کانوونى دووەم، تەمەنى کارکردنى ئەنجوومەنى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراقى بۆ دوو ساڵ درێژکردەوە.
عیماد جەمیل دەڵێت، نوێکردنەوەى ماوەى کارکردنى سەرۆکى بەڕێوەبردنى هەڵبژاردن بۆ ئامادەکارییە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق.
بەڕێوەبردنى هەڵبژاردن، یەکێکە لە دوو بەشە سەرەکییەکەى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق، کە ئەرکى سەرەکى بەڕێوەبردنى هەڵبژاردنەکانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ