ئەنجوومەنى باڵای ئیسلامی: سەردانى نێچیرڤان بارزانى دەرفەتێکى گرنگە بۆ چارەسەرى کێشەکان

رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژى ئەنجوومەنى باڵاى ئیسلامى، سەردانى نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ بەغدا و بەشداریکردنى لە کۆبوونەوەى هاوپەیمانى بەڕێوەبردنى دەوڵەت بە "دەرفەتێکى گرنگ" دەزانێت بۆ چارەسەرى کێشەکانى نێوان بەغدا و هەولێر.
 
ئەو گوتەبێژە دەڵێت، "بەشداریکردنى نێچیرڤان بارزانی لەو کۆبوونەوە گرنگەدا رۆڵى دەبێت لە سەرخستنى کۆبوونەوەکە و دەسەڵاتى جیبەجێکردن و یاسادانان". 
 
عەلى دیفاعی، گوتەبێژى ئەنجوومەنى باڵاى ئیسلامیی عێراق بە تۆڕى میدیایی رووادى گوت: "سەردانى نێچیرڤان بارزانى، بۆ بەغدا و بەشداریکردنى لە کۆبوونەوەى هاوپەیمانى بەڕێوەبردنى دەوڵەت نامۆ نییە و ئەمە سێیەم جارە بەشدار دەبێت. ئەندامێکى بنەڕەتى و بەردەوامە لە هاوپەیمانێتییەکە. بەشداریکردنى لەو کۆبوونەوە گرنگەدا، رۆڵى دەبێت لە سەرخستنى کۆبوونەوەکە و هەردوو دەسەڵاتى جیبەجێکردن و یاسادانان".
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 12ى کانوونى دووەمى 2025، کۆبوونەوەى هاوپەیمانى بەڕێوەبردنى دەوڵەت لە بەغدا ئەنجام دەدرێت، نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان تێیدا بەشدار دەبێت.
 
عەلى دیفاعی رایگەیاند، کۆبوونەوەکە "گرنگە" بۆ سەرخستنى کارنامەى حکومەت و لە دۆخێکى گرنگ و هەستیارى نێوخۆیی و هەرێمیدا دەکرێت، تێیدا تاوتوێى ئەو پڕۆژەیاسانە دەکرێت کە دەبێت پەرلەمان پەسەندیان بکات، لەوانە هەموارى یاساى لێبووردنى گشتى، پڕۆژە یاساى دەستەى حەشدى شەعبی.
 
گوتیشى: "یەکێک لەو پرسانەى دیکە کە باس دەکرێت، پڕۆژەیاساى گەڕاندنەوەى موڵک و ماڵە بۆ خاوەکانیان کە کێشەى لەسەرە و گفتوگۆى لە بارەوە دەکرێت".
 
پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی موڵك و ماڵ بۆ خاوەنەكانیان، پەیوەندارە بە زەویی داگیرکراوى کورد و تورکمان لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانى دیکە، خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە، بەڵام بەهۆى ناکۆکى لە سەرى لە پەرلەمان دەنگى لەسەر نەدراوە.
 
یەکێک لەو پرسانەى دیکە کە لە کۆبوونەوەکە تاوتوێ دەکرێت، کێشەکانى نێوان هەولێر و بەغدایە. گوتەبێژى ئەنجوومەنى باڵاى ئیسلامیی عێراق گوتى: "پەیوەندیى نێوان هەولێر و بەغدا پرسێکى لەناکاو نییە لە هاوپەیمانى بەڕێوەبردنى دەوڵەت و ئەگەر کێشەیەک لە بەغدا هەبێت یان لە جێبەجێکردنى کارنامەکەیدا کاریگەرى لەسەر هەرێمى کوردستان دەبێت و پێچەوانەکەشى راستە".
 
عەلى دیفاعی گوتى: "پەیوەندیى نێوان بەغدا و هەولێر پەیوەندییەکى بنەڕەتییە لە سەرکەوتنى حکومەت، هاتنى نێچیرڤان بارزانى دەرفەتێکى گرنگە بۆ چارەسەرکردنى کێشە هەڵواسراوەکانى نێوانیان".
 
هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت پێکھاتووە لە هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى کە شیعەن، پارتى دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، نوێنەرى سوننە، بزووتنەوەى بابلیون کە کریستیانە لەگەڵ بەرەى تورکمانى عێراق.