پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و هەمواری یاسای خانەنشینی لە بەرنامەی کاردایە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق، یەکەم کۆبوونەوەی وەرزی نوێی یاسادانانی دەکات، هەمواری یاسای خانەنشینیی لە بەرنامەی کاردایە. ئەندامێکی لیژنەی دارایی دەڵێت، بەگوێرەی هەموارەکە تەمەنی خانەنشینی دەکرێتەوە 63 ساڵ.
کۆبوونەوەکە کاژێر یەکی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، 12-01-2025، دەکرێت.
بەرنامەی کار لە شەش بڕگە پێکهاتووە؛ دوو پرۆژەیاسا دەنگیان لەسەر دەدرێت و خوێندنەوەی یەکەم و دووەم بۆ چوار پرۆژەی دیکە دەکرێن.
یەکێکیان خوێندنەوەی یەکەمە بۆ پێشنیازی پرۆژەیاسای هەمواری یاسای خانەنشینی یەکگرتوو، ژمارە 9ی ساڵی 2014.
جەمال کۆچەر،ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق،ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت،پێشنیازی هەمواری یاسای خانەنشینیی لەلایەن پەرلەمانەوە پێشکێشکراوە، رەهەندی دارایی هەیە، بۆیە پێویستی بە رەزامەندی حکومەتە.
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتی: "یەکێک لە بڕگەکانی هەموارەکە، دەستکاریکردنی تەمەنی خانەنشینییە کە لە 60 ساڵەوە بکرێتەوە 63".
پێشتر تەمەنی خانەنشینی لە عێراق 63 ساڵ بوو، بەڵام ساڵی 2014 یاسای خانەنشینی هەموارکرایەوە و تەمەنی خانەنشینی بۆ 60 ساڵ کەمکرایەوە.
بەگوتەی جەمال کۆچەر، لەکاتی هەموارەکەدا دەرگا دەکرێتەوە، رەنگە دەستکاری دیکەش بکرێت، چونکە ژمارەیەک داواکاری دیکە بەدەست پەرلەمان گەیشتوون، لەوانە پەرلەمانتارەکانی خولەکانی رابردوو داوای ماف و ئیمتیازاتی خۆیان دەکەن. داوادەکەن لە هەموارەکەدا جێگەیان بکرێتەوە.
کارنامەی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق:
- دەنگدان بە پێشنیازەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای بنەمای هاوسەنگی بڕوانامە و پلە زانستیی عەرەبی و بیانییەکان، ژمارە 20ی ساڵی 2020.
- دەنگدان بە پێشنیازەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای پاسەپۆرت، ژمارە 32ی ساڵی 2015.
- خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای خوێندنی باڵای ئەهلی.
- خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای رێکخستنی کرێی خزمەتگوزارییەکان لە فەرمانگەکانی دەوڵەت.
- خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازی پرۆژەیاسای هەمواری یاسای خانەنشینی یەکگگرتوو،ژمارە 9ی ساڵی 2014.
- خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازەیاسای هەمواری سێیەمی یاسای قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان، ئەوانەی بەهۆی کردەوەکانی رژێمی پێشوو بەشێکی جەستەیان لەدەستداوە، ژمارە5ی ساڵی 2009.