رووداو دیجیتاڵ
لە بەغدا پێشانگەیەکی نێودەوڵەتی کراوەتەوە بۆ بەرهەمی خواردەمەنی زیاتر لە 20 وڵات، بەرهەمە کوردییەکان یەکێکین لەوان و خواستی زۆریان لەسەرە.
بارق عەبدولسەلام لەنێو بەرهەمی زیاتر لە 20 وڵات، متمانە بە بەرهەمی کوردستان دەکات، تام و چێژی بەرهەمە خۆماڵییەکان سیحری بازاڕکردنی سەردانیکارانی پێشانگەکەن.
بارق دەڵێت، "بەرهەمی عێراقی باشترە لە بەرهەمی هاوردەکراو، بەرهەمی هاوردەکراو نازانین چییە و چ مادەیەکی تێکراوە؟ لەهەمانکاتدا دەتوانین هاوکاریی جوتیاران و دەستی کار بکەین، بەتایبەتتر ئێمە پشتیوانی برایانی کورد دەکەین راستگۆن لە بەرهەمەکانیاندا".
کاوە عیزەت فرۆشیارێکی کوردە و بەرهەمەکانی لە پێشانگەکەدا نمایشکردووە، ئەو دەڵێت، "ئێمە لە هەموو پارێزگاکانی خواروودا بەشدار دەبین، هەر 15 شەو لە پارێزگایەک دەبین، بەروبوومی کوردەواری خۆمان دەهێنین وەکو گوێزی هەورامان، بەروبوومەکانمان هەمووی کوردەوارییە، متمانەیەکی تەواومان هەیە لە خوارووی عێراق، هەر کە ئێمە دەبینن متمانە دەکەن، ئەوەندەی متمانە بە ئێمە دەکەن ئەوەندە متمانە بەخۆیان ناکەن".
زیاتر لە 20 کۆمپانیا و خاوەنکار و جووتیار لە هەرێمی کوردستانەوە، بەئامانجی فراوانکردنی سنوری بەبازاڕکردنی بەرهەمەکانیان لە پێشانگاکە بەشدارن کە بوونەتە جێی بایەخی سەردانیکاران.
دایکی عەلی، سەردانیکارێکی دیکەی پێشانگەکەیە و دەڵێت، "هاتووین بۆ ئێرە بۆ ئەوەی هانی بەرهەمی ناخۆیی و نیشتیمانی بدەین، بەتایبەت من زۆر حەزم لە بەرهەمی عێراقیە لە خواردەمەنی و زەیتی زەیتون و سابوون، پشتیوان بە خودا بەرهەمەکانی تریش باشن و لێیان دەکڕین".
وەزارەتی بازرگانی عێراق بەئامانجی بەهێزکردنی بەرهەمە خۆماڵییەکان و بەستنەوەیان بە بازاڕەکانی دەرەوە، 47ـەمین پێشانگەی نێودەوڵەتی بەغدای رێکخستووە کە 850 کۆمپانیا لە 21 وڵاتەوە بەشدارن.
لێرە شەڕ شەڕی ناساندنی بەرهەم و هێماکان و ساخکردنەوەی کاڵاکانە، هەر وڵاتێک لەوێ دەیەوێت سەرنجی زۆرترین کڕیار رابکێشت بۆ ئەوەی نیشاندراوەکانی خۆی خواستی زیاتری لەسەر بێت، تەنانەت ئەگەر بەهێنانی وشتر و باڵندەی زیندووش بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ