ئەندامێکی لیژنەی دارایی عێراق: پەرلەمان خۆی گۆڕانکاری لە بودجەی 2021 دەکات

12-01-2021
ئاسۆ فیشەگی
نیشانەکردن بودجە پەرلەمانی عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، پەرلەمان خۆی گۆڕانکاری لە پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵیی ساڵی 2021 دەکات و بەنیاز نییە پرۆژەکە رەوانەی حکومەت بکاتەوە.
 
شێروان میرزا قادر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە 12ی کانوونی دووەمی 2021، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەندامانی پەرلەمان تێبینیی زۆریان لەسەر پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵیی ساڵی 2021ـی عێراق هەیە، وەکو پەرلەمانتارانی پارێزگای بەسرە کە داوای زیادکردنی بودجەی پارێزگاکەیان دەکەن لە بودجەی فیدراڵیی ساڵی 2021دا".
 
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتیشی "ئەو هەواڵانەی باس لەوە دەکەن گوایە لیژنەی دارایی بەنیازە لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆببێتەوە بۆ جێگیرکردنی تێبینییەکانی کە لە راپۆرتی خۆی خستوونیەتیەڕوو، راست نین، چونکە پەرلەمان دەسەڵاتی کەمکردنەوە و گواستنەوەی بڕگەکانی بودجەی هەیە، بۆیە پەرلەمان خۆی ئەو کارە دەکات لەژێر رۆشنایی تێبینی و داواکاریی پەرلەمانتار، کە تێبینییان زۆرە لەبارەی قەبارە و کورتهێنانی بودجەی 2021".
 
پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممە 11ی کانوونی دووەم راپۆرتی لیژنەی دارایی لەبارەی پرۆژە یاسای بودجەی 2021 تاوتوێ کرد، هاوکات گوێبیستی تێبینیی پەرلەمانتارەکان بوو لەبارەی بودجەوە، بڕیاریشە ئەمڕۆ و سبەی چوارشەممە بەردەوام بێت لە تاوتوێکردنی پرۆژە یاسای بودجەی 2021.
 
قەبارەی بودجەی فیدراڵیی ساڵی 2021ی عێراق، بە زیاتر لە 164 تریلیۆن دینار خەمڵێندراوە، پێشبینیش دەکرێت زیاتر لە 71 تریلیۆن دینار کورتهێنانی هەبێت، لەکاتێکدا حکومەت بەنیازە بە قەرزکردن لە بانکی ناوەندیی عێراق زۆربەی ئەو کورتهێنانە پڕبکاتەوە.
 
لیژنەی دارایی لەبارەی پرۆژە یاسای بودجەی 2021ی عێراق، لە راپۆرتەکەیدا، رایگەیاندووە "دەبێت خەرجییەکانی بودجەکە کەمبکرێنەوە بۆ کەمکردنەوەی کورتهێنان، دەبێت داهاتە نانەوتییەکان لەڕێگەی گومرگەوە زیاتر بکرێن، لە بودجەی 2021دا ژمارەی فەرمانبەران 321 هەزار زیاتر بووە، ئەوەش دەبێت کەمبکرێتەوە، هەروەها دەبێت چاو بە دوو مووچە و زیاتر لە دوو مووچە بخشێنرێتەوە، دواجار دەبێت چاو بە دانانی باج لەسەر داهاتی فەرمانبەران و خانەنشینان بخشێنرێتەوە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە