رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بریکاری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، حکومەتی عێراق لەگەڵ دۆستەکانی دۆخی سووریا تاوتوێ دەکات.
رۆژی چوارشەممە، 11ـی کانوونی یەکەمی 2024، نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ محەممەد شیاع سوودانی، پێشوازی لە جۆن باس، بریکاری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و شاندێکی یاوەری کرد.
بە گوێرەی نووسینگەی سوودانی، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە هاوئاهەنگیی لە کاری هاوبەش لەبارەی دۆخی سووریا کراوە، هەروەها باس لە گرنگیی قۆناخی راگوزەری ئەو وڵاتە و بەشداریی سەرجەم لایەنەکان بۆ پاراستنی مافی سەرجەم پێکهاتەکان و پاراستنی ئاسایشی نێوخۆی ئەو وڵاتە کراوە.
هەر لە کۆبوونەوەکە سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندووە: "حکومەتی عێراق رۆڵی خۆی بۆ پەیوەندیی بە برایان و دۆستانی جێبەجێ دەکات لەپێناو تاوتوێکردنی دۆخی سووریا، هەروەها رێز لە ئیرادەی گەلی سووریا بۆ بڕیاردان لە ئایندەی خۆیان دەگرێت."
بەپێی راگەیێندراوەکەی نووسینگەی سوودانی، بریکاری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتوویەتی: "عێراق هاوبەشێکی بنەڕەتییە لە ناوچەکەدا و گرنگە تاوتوێی رووداوەکانی ناوچەکەیان لەگەڵدا بکرێت." جەختیشی لە پابەندیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی ئاسایشی عێراق و سەروەرییەکەی لەهەر هێرشێکی دەرەکی کردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ