قاسم ئەعرەجی: ئەوەی لە سووریا روودەدات تایبەتە بە نێوخۆی وڵاتەکە
رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێکی ئەمریکی رایگەیاند، ئەوەی لە سووریا روودەدات پەیوەندیی بە نێوخۆی وڵاتەکەوە هەیە.
رۆژی چوارشەممە، 11ـی کانوونی یەکەمی 2024، نووسینگەی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند: "ئەمڕۆ راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق پێشوازی لە جۆن باس، بریکاری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و شاندێکی یاوەری کرد."
لە دیدارەکەدا دوایین پێشهات و ئاڵۆزییەکانی سووریا تاوتوێ کران، هەروەها باس لە کاری هاوبەشی حکومەتی ئەمریکا و عێراق کرا سەبارەت بە "پاراستنی گەل و یەکپارچەیی خاکی سووریا."
لە کۆبوونەوەکەدا، قاسم ئەعرەجی رایگەیاندووە: "ئەوەی لە سووریادا روودەدات؛ تایبەتە بە نێوخۆی وڵاتەکەوە و پێویستە سەرجەم لایەنەکانی سووریا لە پێناو بەرژوەندیی باڵای وڵاتەکەیان کار بکەن." هەروەها "جەختیشی لە هەوڵی تەواوی حکومەتی عێراق کردەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی سووریا و ناوچەکە."
رۆژی یەکشەممەی رابردوو، گرووپە چەکدارەکانی سووریا دەستیان بەسەردیمەشقی پایتەختی سووریادا گرت و بەفەرمیی رووخاندنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدیان راگەیاند.
لە دوای رووداوەکانی ئەم دوواییەی سووریا، عێراق سنوورەکانی خۆی لەگەڵ سووریا تووندتر کردووە و هێزێکی زۆری ناردووەتە سەر سنوور.