فەرماندەی سێنتکۆم سەردانی عێراق و سووریای کرد
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند، فەرماندە مایکڵ ئیریک کورێلا، سەردانی سووریا و عێراقی کردووە و لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات و محەممەد شیاع سوودانی، سەرکوەزیرانی عێراق کۆبووەتەوە.
رۆژی سێشەممە، 10ـی کانوونی یەکەمی 2024، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "ئەمڕۆ جەنەڕال کورێلا سەردانی فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ـی کردووە".
سێنتکۆم لەبارەی سەردانەکەی کورێلا بۆ سووریا دەڵێت، "ئەو [کورێلا] نوێترین زانیاری لەبارەی رێکارە ئەمنییەکان وەرگرتووە و زانیاری لەبارەی ئەو هەوڵانەش وەرگرتووە کە رێگە لە رێکخراوی داعش دەگرن سوود لە دۆخەکە وەربگرن بۆ بەرژەوەندی خۆیان."
سەردانەکەی کورێلا بۆ لای هەسەدە لەکاتێکدایە، کە ماوەیەکە رۆژە گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات لە ناوچەکانی منبج و کۆبانێ و دەورووبەری دەستپێکردووە.
هەروەها رۆژی سێشەممە، گرووپە چەکدارەکان کۆنترۆڵکردنی منبجیان راگەیاند، ئەوەش جگە لەوەی لە پارێزگای دێرەزوور و سنووری کۆبانێ چەندینجار هێرشیان کردە سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات.
فەرماندەی سێنتکۆم هەروەها سەردانی عێراقیشی کردووە و لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەتەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سێنتکۆم، کورێلا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق باسیان لە "پتەوکردنی هاوئاهەنگییەکان، ئاسایشی ناوچەکە، دۆخی سووریا و ئۆپەراسیۆنەکانی شکستپێهێنانی داعش" کردووە.
لە راگەیێندراوەکەی سێنتکۆم دا ئاماژە بەوەش کراوە، "ئێمە پابەندین بە شکستپێهێنانی هەمیشەیی داعش و ئاسایشی هاوبەشەکانمان لە دراوسێی سووریا، لەنێویاندا عێراق، ئوردن، لوبنان و ئیسرائیل."
هەروەها نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی کۆبوونەوەکە گوتی، "سەرۆکوەزیران پابەندیی عێراقی بۆ هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان و دڵنیایی لە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە دووپاتکردووەتەوە."