رووداو دیجیتاڵ
بزووتنەوەی نوجەبا رایدەگەیێنێت، هاوشێوەی سووریا، بە سەرۆکایەتیی بەریتانیا ژوورێک بۆ تێکدانی عێراق لە بەغدا دروستکراوە.
ئەنجوومەنی سیاسیی بەرەی مقاوەمەی بزووتنەوەی نوجەبا، کە گرووپێکی چەکداری شیعەی عێراقە لە راگەیێندراوێکدا باس لەوە دەکات، ئەوەی لە سووریا روویدا هەڕەمەکی نەبووە، بەهۆی سەرقاڵبوونی بەرەی مقاوەمە بە شەڕی غەززە، ژوورێکی ئۆپەراسیۆن لە تورکیا دروستکراوە بۆ وێرانکاری، ئەوەش بە تەگبیری بەریتانیا و هەواڵگریی ناتۆ و ئیسرائیل.
نوجەبا پێیوایە، ئەو ژوورە پشتیوانی و پلانی پێداون، مانگەکەکانی دەستکرد و درۆنی خستووەتە بەردەستیان بۆ دیاریکردنی جووڵە و شوێن و بوونی هێزەکانی سووریا.
بەگوتەی نوجەبا "هەمان ژوور ئێستا بە سەرۆکایەتیی بەریتانیا کار لەسەر تێکدانی عێراق دەکات، بەڵام ئەم جارە لە بەغدایە، نەک دەرەوەی سنوور".
ئەو گرووپە چەکدارە دەڵێ، سەری سوڕماوە لەوەی گرنگییەکی زۆر بە تۆکمەکردنی سنوور دراوە و واز لە مەترسیی نێوخۆیی هێنراوە.
نوجەبا لەگەڵ ئەوەی پاراستنی سنوورەکانی عێراق بە کارێکی گرنگ دەزانێت، بەڵام دەڵێت: "نابێت هەڵبخەڵەتێین و چەقی مەترسییە راستەقینەکە فەرامۆش بکرێت، لە پایتەخت، نێوەڕاست، باشوور، ناوچەکانی رۆژئاوا و باکوور دا".
هەروەها ئاماژەی بەوەکردووە، "ئەو پیلانگێڕییە تێکدەرانە دابەشکراوە، هەر یەکێک بە گوێرەی رۆڵی خۆی، بۆیە ئەم جارە پیلانگێڕیی لە ناوەوە دێت، نەک دەرەوەی سنوور".
نوجەبا هەر لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، سنوور بپارێزن، ئاگاداری سەرچاوەی مەترسی و ئەوانەش دەبن کە داوای دابەشکردنی عێراق دەکەن، "ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ جوڵەی بەکرێگیراوانی باڵیۆزخانەی شەڕی ئەمریکا، کە هەوڵی تێکدانی دۆخی ناوخۆ دەدەن، دواتر بە بەرنامە عێراق دەکەنە ئامانج".
هەر لە درێژەی راگەیێندراوەکەیدا نوجەبا ئەوەی خستووەتەڕوو، کە بەهای ئەو پشتیوانییە بۆ ئەمانە ئەوەیە کە رێگەیان بە ئیسرائیل داوە بچێتە نێو خاکی سووریا، فیدراڵیەتی سوەیدا دروست بکات، وەک زەمینەسازییەک بۆ قۆناخی گشتپرسیی جیابوونەوە و چوونە پاڵ ئیسرائیل و گوندەکانی دیکەی سنووری فەڵەستین-یش بدەنەپاڵ خۆیان.
جەخت لەوە دەکاتەوە، "قەوارەی زایۆنی هەموو چەکە قورس و ستراتیژییەکان بەشێوەیەکی تایبەت لە سووریا دادەماڵێت. ئەو سەرکردە نوێیانە گەرەنتیان داوە لە داهاتوودا پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی دەکەنەوە. بۆیە رێگەدان بەم دۆخە کارەساتە".
بزووتنەوەى نوجەبا، گرووپێکى چەکداریى شیعەی عێراقە، لە ساڵى 2013وە دامەزراوە، لە عەسائیبی ئەهلى حەق جیابووەتەوە، یەکێکە لە پێکهێنەرەکانی حەشدی شەعبی، ژمارەى چەکدارانی بە نزیکەی 10 هەزار چەکدار مەزەندە دەکرێت، ئەکرەم کەعبی ئەمیندارى گشتیى بزووتنەوەکەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ