سوودانی: تیمی ئەمنی لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە دەبن کە پڕۆژە جێبەجێ دەکەن

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی باڵەخانەی پارێزگای بەغدای کرد و لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەو فەرمانگەیە کۆبووەوە و باسی پڕۆژەکانی کرد، هەروەها بڕیاری پێکهێنانی ژمارەیەک تیمی لە هێزە ئەمنییەکان دا بۆ پاراستنی ئەو کۆمپانیایانەی پڕۆژە دەکەن.
 
رۆژی دووشەممە 11-12-2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەردانی باڵەخانەی پارێزگای بەغدای کرد، جگە لە واژۆکردن و رەوانەکردنی ژمارەیەک پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوەڕۆی بۆ جێبەجێکردن لەلایەن کۆمپانیاکانەوە کرد، لەگەڵ بەرپرسانی پارێزگای بەغدا و بەرپرسی بەشەکان کۆبووەوە و گوتی، "ئەم کابینەیە دروشمێکی هەڵگرتووە بەوەی نابێت پڕۆژەیەک هەبێت و جێبەجێ نەکرێت، بەهیچ شێوەیەک، چونکە هەموو شتێک ئامادەیە، پڕۆژەکە لێکۆڵینەوەی تێدا کراوە و بەشێوەی دروست هەڵبژێردراوە، کۆمپانیا بەپێی پێوەر دیاریکراوە، دابینکردنی پارە هەیە، لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ بەدواداچوون ئامادەن".
 
سوودانی هەروەها گوتی، "ئەمڕۆ فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان لەم کۆبوونەوەیە ئامادەیە، دەزانن ئامادەبوونی ئەو چی دەگەیەنێت؟ ئێمە پێمانباشبوو ئامادەبێت چونکە ئەو چەند تیمێک لە هێزە ئەمنییەکان پێکدەهێنێت و لەگەڵ کۆمپانیاکان ئامادە دەبێت. دەمانەوێت هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ کۆمپانیاکاندا بین، لایەنی ئەمنی گەرەنتی دەکرێت و بۆ کۆمپانیا دابیندەکرێت و ئەوان دەبێت بە ئازادی کار بکەن، نامانەوێت کۆمپانیاکان رووبەڕووی هەراسانکردن و دەستوەردان ببنەوە".
 
لە قسەکانیدا سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بۆ بێزاریی خەڵک کرد لەوەی زۆر جار دەپرسن کوا خزمەتگوزاری و بۆچی دەوڵەت ئامادەنییە و هەستی پێناکەن، داوای لە خەڵک کرد بەرپرسیارێتی بگرنە ئەستۆ و لەگەڵیاندا بووەستن.