کۆمیسیۆن: 19ی مانگ ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بڵاودەکەینەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، بەپێی یاسای هەڵبژاردن پابەندن لە ماوەی 24 کاژێردا ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان رابگەیێنن، بەو پێیە، رۆژی 19ی ئەم مانگە ئەنجامە بەراییەکان رادەگەیێنن.
 
رۆژی دووشەممە 11-12-2023، عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەنجامی کۆتایی کاتی زیاتری پێویستە، چونکە ژمارەی بەربژێران زۆرن کە نزیکەی شەش هەزار دەبن، جگە لەوە لایەنە رکابەرەکانیش زۆرن، ئەنجامەکانیش پێویستی بە کات هەیە، سەرباری ئەوانە تانەلێدان لە ئەنجامەکانیش دەمێنێتەوە و راگەیاندنی کۆتایی دوادەخات".
 
سەبارەت بە رێگەگرتن لە ساختەکاری، عیماد جەمیل گوتی، "ئێمە ئێستا کەوتووینەتە دۆخی ئینزارەوە و هەموو کۆمیسیۆن و کارمەندان و تواناکانمان بەتەواوەتی خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بێگەرد بێت، بۆیە لە هەموو وردەکارییەکانمان کۆڵیوەتەوە، لە چوار تاقیکردنەوەیەی کردمان زیاتر خۆمان ئامادەکرد".
 
عیماد جەمیل ئاماژەی بەوەدا، کە جگە لە کاخەزی دەنگدان و بە ئەلیکترۆنیکردنی پڕۆسەکە و چەند رێکارێکی دیکە، کامێرا چاودێرییەکانی کۆمیسیۆن بۆ ئەوە دەبن کە رێگری لەهەر گزی و ساختەکارییەک بکەن کە ئەگەری هەیە رووبدات.
 
بەرپرسەکەی کۆمیسیۆن گوتی، "ئێمە لەهەر بنکە و وێستگەیەکی دەنگدان کامێرای چاودێریمان هەیە، ئەوەش بۆ بەبەڵگەنامەکردنی سەرجەم پڕۆسەکەیە و بۆ لێکۆڵینەوە لەکاتی تانەلێدان لە ئەنجامەکانیش گرنگە، نزیکەی 11 هەزار کامێرا لە بنکەکان دانراون".
 
سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، باسی لەوەشکرد، لەو 35 هەزار و 533 ئامێرەی لە هەڵبژاردنەکە بەکاریدەهێنن زانیاری و داتایان لەبارەی ئەنجامەکانەوە پێدەگات و پرۆسەی هاوتاکردنیش لەگەڵ ئەنجامەکان بەشێوەی دەستی دەکەن، گوتیشی، "ئێمە دەبێت بەراوردی ئەنجامەکان و ژمارەی کاغەزەکانی دەنگدانی هەر وێستگە و بنکەیەکیش بکەین".
 
سەبارەت بە رەتکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و لێدانی شریتی سوور، عیماد جەمیل گوتی، "ئەگەر جیاوازی لە ئەنجامەکانی دەرهاتوو و ئەنجامی راستەقینە هەبێت و بە رێژەی 5% و زیاتر بێت، ئەوا ئەو سندووقانە دەبێت رەوانەی سەنتەری نیشتمانی لە بەغدا بکرێن".
 
بڕیارە لە رۆژی 18-12-2023 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، جگە لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت، بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، پێنج هەزار و 904 کەس خۆیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەربژێر کردووە، کە رکابەری لەسەر 285 کورسی دەکەن.