چوارشەممە پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆدەبێتەوە

11-12-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق رۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیەی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان دیاریکرد. گوتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "هێشتا لایەنەکان لەسەر یەک بەربژێر رێکنەکەوتوون".
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو نۆ بەربژێر هەن و ئەگەری هەیە بەشێکیان وەکو سەربەخۆ خۆیان بەربژێر بکەن.
 
رۆژی دووشەممە 11-12-2023، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق لە راگەێیندراوێکدا، کارنامەی کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیەی بڵاوکردەوە، کە تەنیا یەک بڕگە لەخۆدەگرێت ئەویش هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێیە بۆ پەرلەمان.
 
سۆزان مەنسوور، گوتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رۆژی چوارشەممە پەرلەمان کۆدەبێتەوە، بەڵام تاوەکو تائێستا هیچ رێککەوتن لەسەر یەک بەربژێر لەنێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان نەکراوە، نە لەنێو سوننەکان خۆیان رێککەوتن هەیە، نە لەنێو سەرجەم فراکسیۆنەکانی دیکە، بۆیە پرسەکە ماوەتەوە تاوەکو رۆژی چوارشەممە کە رەنگە تاوەکو ئەو کات زۆرینەی لایەنەکان لەسەر یەک بەربژێر رێکبکەون".
 
ئەو کەسەی دەبێتەوە جێگرەوەی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی لەکارلادراوی پەرلەمانی عێراق، دەبێت لە پێکهاتەی سوننە بێت، هەرچەندە فراکسیۆن و پارتە سوننەکان خۆیان لەسەر یەک بەربژێر یەکدەنگ نین، لایەنەکانی شیعەش لەسەر بەربژێرێک یەکڕا نین، کوردیش لەو نێوانەدا هاوشێوەی ئەوان دابەشبووە و یەک بۆچوون نییە.
 
بەڵام بەپێی زانیارییەکانی رووداو، هەر یەکە لە، موسەنا سامەڕایی، سالم عیساوی، خالید عوبەیدی، تەڵاڵ زەوبەعی، مەحموود مەشهەدانی، زیاد جەنابی، شەعلان کەریم، عەبدولکەریم عەبتان، موزاحیم خەیات بەنیازن خۆیان بەربژێر بکەن. چەند ناوێکی دیکەش هەن، بەڵام چانسی بوونیان بە سەرۆکی پەرلەمان کەمترە.
 
سۆزان مەنسوور، لەبارەی یەکلاییکردنەوەی بڕیاری فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەبارەی بەربژێران بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، گوتی، "ئێستا سێ بەربژێری دیار هەن کە سالم عیساوی لە هاوپەیمانی سەروەری و موسەنا سامەڕایی لە هاوپەیمانی عەزم و شەعلان کەریم لە هاوپەیمانی تەقەدووم، بەڵام نە سوننەکان و نە کورد و نە شیعەش خۆیان یەکلایی نەکردووەتەوە دەنگ بە کامیان دەدەن، دەبێت کەسایەتییەک ببێتە سەرۆکی پەرلەمان بتوانێت رەچاوی رێککەوتنەکان بکات، بتوانێت گونجاو بێت و لێکتێگەیشتنی زیاتر دروست بکات و ببێتە هۆی رێککەوتنی زیاتر".
 
بەپێی پرەنسیپی "سازان، هاوسەنگی، هاوبەشی"، کە لەدوای رووخانی رژێمی پێشووی عێراقەوە پشتیپێدەبەسترێت بۆ پێکهێنانی کابینەکانی حکومەت و دابەشکردنی پۆستەکان، پۆستی سەرۆککۆمار بۆ کورد، سەرۆکی حکومەت بۆ شیعە، سەرۆکی پەرلەمان بۆ سوننەکان دەبێت.
 
لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانەوە، عارف حەمامی، ئەندامی لێژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، رۆژی دووشەممە، 11-12-2023، بە رووداوی گوت، "پێشبینی دەکەم چوارشەممە کۆبوونەوەی پەرلەمان بکرێت و کۆتایی بە بەتاڵی مانەوەی کورسیی سەرۆکی پەرلەمان بێت، چونکە بەردەوامیی ئەو بەتاڵی مانەوە کێشەی یاساییش دروست دەکات".
 
رۆژی 14ـی تشرینى دووەمی 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق لەسەر سکاڵایەکى لەیس دلێمى، ئەندامێتیى محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمانى عێراق هەڵوەشاندەوە، کە هاوکات سەرۆکى پارتى تەقەدوومە و یەکێکە لە سەرکردە هەرە دیارەکانی سوننە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت