لە نەینەوا زیاتر لە 150 ئاوارە گەڕانەوەی زێدی خۆیان


رووداو دیجیتاڵ 

زیاتر لە 150 ئاوارە لە پارێزگای نەینەوا، گەڕانەوەی زێدی خۆیان لە قەزاکانی شنگال و تەلەعفەر و ناحیەی وانکێ. 
 
رۆژی یەکشەممە 11-12-2022، رەفعەت سمۆ، یاریدەدەری پارێزگای نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، 159 ئاوارە کە لە 32 خێزان پێکهاتبوون، لە نێو قوتابخانەیەکی گەڕەکی تەئیم-ی شاری موسڵ بوون، گەڕانەوە زێدی خۆیان لە ناحیەی وانکێ و قەزاکانی شنگال و تەلەعفەر. 
 
یاریدەدەری پارێزگای نەینەوا روونیکردەوە، ئەو ئاوارانە لەنێو قوتابخانە بوون. پەروەردەی موسڵیش داوای ئەو قوتابخانەی کردبووەوە، تاوەکو نۆژەنی بکاتەوە، بۆیە قوتابخانەکە چۆڵکرا و ئاوارەکانیش گەڕێنرانەوە زێدی خۆیان. 
 
رۆژی یەکشەممە 11-12-2022 وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بڵاویکردەوە، گەڕانەوەی ئەو ئاوارانە دوای تەواوکردنی وردبینی ئەمنی هات، بە هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان و حکومەتی خۆجێی. هەروەها لە رۆژانی داهاتوودا هاوکاری لەگەڵ رێکخراوی (IOM ) بڕە پارەیەکیان پێ دەدرێت.
 
رۆژی شەممە 10-12-2022، عەلی عومەر، یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەرنامەیەکی حکومیی هەیە، بەهاوکاری رێکخراوی (IOM)، بۆ مامەڵە و کارکردن لەگەڵ ئاوارەکانی شنگال. ئەم مانگە یان مانگی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی هاوبەش دەکرێت لە نێوان حکومەتی خۆجێی نەینەوا، حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و رێکخراوی (IOM)، لەبارەی رێکاری ئاسانکاریکردن بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان. 
 
کەمپی جەدعە، دەکەوێتە ناحیەی گەیارە لە باشووری پارێزگای نەینەوا، نزیکەی 65 کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری موسڵ دوورە. دوو هەزار خێمەی ئاوارەکانی تێدایە.
 
یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا دەڵێت: کۆی گشتی ئاوارەکانی پارێزگای نەینەوا، ئەوانەی لە دەرەوە یان نێو کەمپەکان دەژین، نزیکەی 650 هەزار ئاوارەیە. ئەمانە ناوی خۆیان تۆمار نەکردووە، تاوەکو بگەڕێنەوە زێدی خۆیان. 
 
عەلی عومەر گوتیشی: بەرنامەیەکی حکومیی هەیە کە وەزارەتی کۆچ ئەنجامی دەدات، بە مەبەستی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان. "بەمزووانە 90 خێزان لە کەمپی جەدعەوە، دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان و گەڕانەوەی ئاوارەکانیش بۆ ناوچەکانیان بەردەوامە." 
 
پێشتر سەعید جەیاشی، راوێژکاری کاروباری ستراتیژی لە راوێژکارێتی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و بەرپرسی دۆسیەی کەمپی هۆل بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە مانگی ئایاری ساڵی 2021وە، زیاتر لە 900 خێزانی عێراقی لە کەمپی هۆلەوە گەڕێندردراونەتەوە عێراق. 
 
دوایین کاروانى خێزانە عێراقییەکان کە لە کەمپى هۆلەوە گەڕێندرابنەوە کەمپى جەدعە، لە 18ى تشرینى یەکەمى 2022 بوو کە ژمارەیان 152 خێزانە. 
 
کەمپى هۆل لە شارى حەسەکەى رۆژئاواى کوردستان لە ژێر دەسەڵاتى هێزەکانى سووریاى دیموکرات - هەسەدە دایە، نزیکەى 30 هەزار هاووڵاتى عێراقى لەو کەمپەدان، کە بەشێکیان ئاوارەن و بەشێکى دیکەیان کەسوکارى چەکدارانى رێکخراوى داعشن.