دوو مزگەوت لە سنووری بەعقووبە دەسووتێندرێن؛ ترسی دروستبوونی کێشەی مەزهەبی هەیە


رووداو دیجیتاڵ 

سەرەتای ڤیدیۆکە بەشێک لە مزگەوتە سووتاوەکەی ناوچەی بەلەدرووز لە پارێزگای دیالە دەبینن، دەگوترێت بەر لە نوێژی بەیانی رۆژی شەممە لەلایەن دوو کەسەوە سووتێندراوە. ناوی مزگەوتەکە (پێغەمبەر ئیسماعیل) ـە و دەکەوێتە گەڕەکێکی شیعەنشینی بەلەدرووز، گوتارخوێنی مزگەوتەکەش دەڵێت، "ئامانج لەم کارە دروستکردنی کێشەی مەزهەبییە."
 
غەسان عەبدوڵڵا، گوتارخوێنی مزگەوتی پێغەمبەر ئیسماعیل بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمە ماڵی خودای گەورەیە و شوێنی نزاکردنە بۆ خودا و خوداش کەسی لەگەڵدا نییە، باشترین پاداشتی سەر زەوی مزگەوتەکانە، دەبێت ئەم تاوانبارە چۆن جورئەتی کردبێت و ئەم مزگەوتەی سووتاندبێت؟ ئێمە داوا لە لایەنە ئەمنییەکان دەکەین هەڵوێست وەربگرن و پاسەوانی لە مزگەوتەکان بکەن، چونکە رەنگە ئەم رووداوە دووبارە ببێتەوە."
 
لە ماوەی هەفتەیەکدا ئەمە دووەمین مزگەوتە لە بەلەدرووزی دیالە دەسوتێندرێت، سووتاندنی ئەو دوو مزگەوتە ترسی لە دڵی لایەنە ئیداری و ئەمنییەکانی دیالە دروستکردووە.
 
مزگەوتەکەی دیکەیان بەناوی (ئەلڕەحمان و رەحیم) بوو کە ژمارەیەک خێرخواز ماوەی 15 ساڵە سەرقاڵی دروستکردنین و هەفتەی رابردوو لە درەنگانێکی شەودا سووتێندرا.
 
مەعەن جەمیل، مامۆستای ئایینییە و دەڵێت، "لەم ماوەیەدا کەم کەم هاوکاریمان بۆ دەهات و هەندێک کارمان پێ دەکرد، نازانم هۆکاری چییە مزگەوتەکە دووچاری هێرشی سووتان بوو، هەموو کارەکانی گەڕانەوە خاڵی سفر و لەگەڵ ئەوەشدا سوپاس و ستایش بۆ خودا و داوای لێدەکەین دۆخی ئەمنی ناوچەکە و مزگەوتەکان بپارێزێت."
 
وەقفی سوننی پارێزگای دیالە بە دوو نووسراو داوا لە هێزە ئەمنییەکانی پارێزگاکە دەکات پاسەوان بۆ مزگەوتەکان دابنرێت و رێگری بکەن لەو هەوڵانە بۆ دروستبوونی کێشەی مەزهەبی دەنرێن.
 
قوسەی سالم، بەڕێوەبەری وەقفی سوننی دیالە رایگەیاند، "بێگومان خەڵکێک هەیە دەیەوێت تۆوی دووبەرەکی بچێنێت و ئاگری دووبەرەکی بەرزبکاتەوە، مزگەوتەکان ماڵی خودان و پیرۆزی و رێزی خۆیان هەیە، کردنە ئامانجیان ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئەنجامدەرانی کەسانی نەخۆش و قین لە دڵن و دژی پێکەوەژیانن، چونکە بە ئامانجکردنی ئەو شوێنە دووبەرەکی دەخاتەوە."
 
شارۆچکەی بەلەدرووز بە دووریی 113 کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژئاوای بەعقوبەی ناوەندی پارێزگای دیالە و ژمارەی دانیشتووانی بەپێی سەرژمێریی ساڵی 2014، نزیکەی 96 هەزار کەسە و زۆرینە شیعە مەزهەبن.