رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ریازی پایتەختی سعودیە لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا کۆبووەوە.
رۆژی دووشەممە 11ـی تشرینی دووەمی 2024، نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەراوێزی لووتکەی عەرەبی-ئیسلامی لە ریاز لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا کۆبووەوە".
لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەی نێوانیان، نووسینگەی سوودانی ئاماژە بەوە دەکات، هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی "دەستدرێژییەکانی سەر غەززە و لوبنان" کردووە.
هەروەها نووسینگەی سوودانی دەشڵێت: "لە کۆبوونەوەکەدا، پەیوەندی دووقۆڵی نێوان هەردوو وڵات و رێگەکانی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکەیان لە چەندین بواردا تاوتوێ کردووە".
هەردوولا، بەگوتەی نووسینگەی سوودانی، "جەختیان لە پێویستی هاوئاهەنگیکردن لە هەڵوێست و بڕیاری چارەنووسساز سەبارەت بە دەستدرێژی زایۆنییەکان بۆ سەر غەززە و لوبنان کردووەتەوە".
بەیانی ئەمڕۆ، سوودانی بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی عەرەبی-ئیسلامی گەیشتە ریازی سعودیە.
بەڕێوەچوونی لوتکەکە لەکاتێکدایە، ئیسرائیل لە 7ـی ئۆکتۆبەری پارەوە لە غەززە لەگەڵ چەکدارانی حەماس لە جەنگدایە، هەروەها لە کۆتاییەکانی ئەیلوولی ئەم ساڵیشەوە هێرشی زەوینی بۆ سەر لوبنان لە دژی چەکدارانی حیزبوڵڵا دەستیپێکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ