رووداو دیجیتاڵ
هەڵمەتێکی چاندنی نەمام لە شاری مووسڵی ناوەندی پارێزگای نەینەوا بەڕێوەچوو. بە گوێرەی پلانێکی حکومەت، بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و بە بیابانبوون یەک ملیۆن دار لەو پارێزگایەدا دەچێندرێت.
محەممەد لازم، پسپۆڕی ژینگەیە و دەڵێت: "دامەزراوەکانی حکومەت رایانگەیاندووە کە یەک ملیۆن دار لە مووسڵ دەچێنن. بەشێک لە رێکخراوە سڤیلەکان، لەوانە دامەزراوەی خێرخوازی موسابیرون بۆ گەشەپێدان و پاراستنی ژینگە، رایانگەیاند کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 50 هەزار داریان چاندووە."
رێژەی سەوزایی لە شاری مووسڵ 1٪ـە، لەکاتێکدا 60٪ی بە قیر و کۆنکرێت داپۆشراوە.
لە نەینەوا 500 هەزار ئۆتۆمبێل هەن، بۆ نەهێشتنی کاریگەرییان لەسەر ژینگە، پێویستیان بە چاندنی پێنج ملیۆن دارە.
بەشێک لەو دارانەی لە کەمپەینەکەدا دەچێندرێن لەلایەن هاووڵاتییانەوە دابیندەکرێن.
ئەنەس تای، ئەندامی رێکخراوی موسابیرون دەڵێت: "ئەم کەمپەینە یەکێکە لە چەند کەمپەینێک، بەڵام ئەوەی جیای دەکاتەوە ئەوەیە کە خۆبەخشێک 150 داری دابینکردووە و وەکو وەفایەک بۆ دایکی کۆچکردووی دەیانچێنێت. زۆر پشت بەم جۆرە کارانە دەبەستین و وادەکەن کە خەڵکی زیاتر ساڵانە بەشداری لە چاندنی هەزاران دار لە مووسڵ بکات."
پلانی رووبەڕووبوونەوەی بەبیابان بوون و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما تەنیا بۆ مووسڵ نییە.
بە گوێرەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، دەیانەوێت لە هەموو وڵات پێنج بۆ شەش ملیۆن و 500 هەزار دار بچێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ