حکومەتی عێراق مووچەى چاودێریى برینداران رادەگەیێنێت؛ "هەرێمى کوردستان دەگرێتەوە"
رووداو دیجیتاڵ
عێراق پێشکێشکردنى داواکاریى مووچەى چاودێریکارى بریندارانى سوپاى دەستپێکرد کە لەنێوان 150 بۆ 250 هەزار دینار دەبێت. بە گوتەى جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق، ئەو مووچەیە سەربازە بریندارەکانى هەرێمى کوردستانیش دەگرێتەوە.
وەزارەتى بەرگریى عێراق دەستى بە وەرگرتنى داواکاریى ئەو کەسانە کرد کە دەیانەوێت مووچەى چاودێریکارى بریندارانى سەرباز و ئەفسەرانى سوپاى وەربگرن، ئەوەش بەرامبەر چاودێریکردنى تەندروستییان لە ماڵەوە.
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى ئەو وەزارەتە، پێشکێشکردنى ئەو داواکارییانە لە 10ى تیشرینى دووەمەوە دەستى پێکردووە، کە بە شێوەى ئەلیکترۆنى و لە رێگەى بەستەرێکەوە دەبێت و هەموو عێراق دەگرێتەوە.
سەگڤان سندى، جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "ئەو مووچەیە کەسوکارى ئەو سەربازە بریندارانەى سوپاى ئێستا و پێشووى عێراق دەگرێتەوە کە خەڵکى هەرێمى کوردستانن، بریندار بوون و بەهۆیەوە تواناى کارکردنیان نەماوە."
وەزارەتە بەرگریى عێراق ئاماژەى بەوە داوە، ئامانج لەو هەنگاوە هاوکاریکردنى بریندارانى سوپایە لە رێگەى دەستبەرکردنى مووچە بۆ ئەو کەسانەى چاودێرییان دەکەن کە سەربازانى بریندارى سوپای ئێستا و پێشوو دەگرێتەوە.
مووچەکە ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە کەسی پلەیەکى بریندارەکەن؛ بڕى مووچەکە لەنێوان 150 بۆ 250 هەزار دینار دەبێت. دایک و باوک و هاوژین،کوڕ و کچ، خوشک و برا و باپیر و داپیرەو نەوەکانى بریندارەکە دەتوانن ئەو داواکارییە پێشکێش بکەن، بەو مەرجەى کەسی بریندار رێژەى کەمئەندامییەکەى 75% بێت.
سەگڤان سندى رایگەیاند، پارەى ئەو هاوکارییە لەسەر بودجەى بەکاربردنى وەزارەتى بەرگرى دەدرێت. دواى پێشکێشکردنى داواکارییەکان، لێکۆڵینەوە لە ناوى بریندارەکە و ئاستى کەمئەندامێتیەکەى دەکەن لەگەڵ ئەو کەسانەى دەیانەوێت وەک چاودێریکارى مووچە وەربگرن.