بەهۆی دوو تەقینەوە لە بەغدا 15 كەس كوژران و برینداربوون

رووداو- هەولێر

دوو تەقینەوە لە باکوور و باشووری بەغدا روویاندا و بەهۆیانەوە 15 کەس كوژران و برینداربوون، پێنج لە قوربانییەكانیش سەربازی عێراقین.

رۆژی هەینی 11-11-2016، لە قەزای تارمییەی باکووری بەغدا، بۆمبێکی چێنراو بە کاروانێکی سوپای عێراقدا تەقییەوە، لە ئەنجامدا دوو سەرباز کوژران و سێی دیکە برینداربوون.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، هەر ئەمڕۆ لە نزیک شوێنێکی فرۆشتنی سەوزە و میوە لە شارۆچكەی یوسفییەی باشووری بەغدا، بۆمبێکی چێنراو تەقییەوە و لە ئەنجامدا دوو کەس کوژران و هەشتی دیکە برینداربوون.

لەدوای ساڵی 2003ەوە، عێراق بەگشتی و شاری بەغدا بەتایبەتی رۆژانە کردەوەی تووندوتیژی بەخۆوە دەبینێت، بەهۆیەوە رۆژانە دەیان کەس دەبنە قوربانی، بۆیە وەک رێککارێکی ئەمنی چەندین شەقام و ناوچە داخراون.

رۆژی سێشەممە 1/11/2016، نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ئاماری کردەوە تووندوتیژیییەکانی مانگی تشرینی یەکەمی رابردووی بڵاوکردەوە، بەپێی ئامارەکە، لەو مانگدا هەزار و 792  کەس کوژراون و هەزار و 358 کەسی دیکەش برینداربوونە.

یونامی ئاماژەی بەوەش کردووە، زۆرترین زیانەکان بەر پارێزگای بەغدا کەوتوون، لەو مانگەدا هەزار و 75 کەس بوونەتە قوربانی، 268 کەس کوژراون و 807 ی دیکە برینداربوونە.