رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کورستان بە ژمارەیەک له راوێژکارانى سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی گوت "پشتیوانی لە کارنامەی حکومەتی فیدراڵ و هەوڵەکانی سوودانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەکەین.''
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (چوارشەممە، 11-10-2023) پێشوازی لە ژمارەیەک لە راوێژکارانی سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ کرد و کورتەیەکی لهبارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، کێشە و ناکۆکییەکانی هەردوولا و رێگەی چارەسەرکردنیان لەسەر بنەمای دەستوور و رێککەوتنەکان خستەڕوو.
بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکە: سەرۆکی حکومەت دووپاتیکردەوە لە دوای رووخانی رژێمی بەعس، هەرێمی کوردستان، بەشدارییەکی کارا و کاریگەری لە دروستکردنەوەی عێراقی نوێ و پرۆسەی سیاسیدا کرد، بەو ئامانجەی دەوڵەتێکی دیموکرات و فیدراڵ شوێنی رژێمی دیکتاتۆریی پێشووی عێراق بگرێتەوە. بەشداریى هەرێمی کوردستانیش، لەسەر بنەمای لەبەرچاوگرتنی هەر سێ پرهنسیپی سەرەکی، هاوبەشایەتی و هاوسەنگی و سازان بوو، بەڵام بەداخەوە دواتر هەوڵی پەراوێزخستن و لاوازکردنی قەوارەی یاسایی و دەستووری هەرێمی کوردستان درا."
سەرۆکی حکومەت جەختی کردەوە لەوەی؛ پێویستە رێز لە دەستوور و سیستەمی فیدراڵی عێراق بگیرێت، بەهێز بکرێت و پەرەی پێبدرێت، لەو چوارچێوەیەشدا، رەفتار و هەڵسوکەوت لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت نەک بە عەقڵییەتێکی مەرکەزی.
لهبارەی کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان هەرێمی کورستان و حکومەتی فیدراڵی، مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە دا 'پەرۆشی و ئامادەیی خۆمان بۆ چارەسەرەکردنی بنەڕەتی و یەکجارەکیى کێشەکان لە چوارچێوەی دەستوور و رێککەوتنەکان دووپات دەکەینەوە و، پشتیوانییش لە کارنامەی حکومەتی فیدراڵ و هەوڵەکانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەکەین. بەتایبەتی کێشەی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم، کە پێویستە وەک هەموو ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەخۆرانی هەرێمیش، مانگانە بە شێوەیەکی ئاسایی و لە رێگەی دامەزراوە فەرمییەکانی حكومەتی هەرێم مووچهكانيان وەربگرن.''
ئەندامانی شاندەکەش بەپێی راگەیێندراوەکە ئاماژەیان بەوە داوە 'ئێستا نیازپاکی لە هەردوولادا هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و پێویستە ئەو کەش و دەرفەتە ئەرێنییەی دوای سەردانی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتیى سەرۆکی حکومەت بۆ بەغدا هاتووەتە ئاراوه، لە دەست نەدرێت و لەسەر بنەمای دەستوور، کێشەکان چارەسەر بکرێن.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ