لە بەغدا دەیان کەس گردبوونەوە و پشتیوانیی خۆیان بۆ فەلەستین دەربڕی
رووداو دیجیتاڵ
لە ناوچەی یەرموکی بەغدا و بە بەرزکردنەوەی ئاڵای فەلەستین و عێراق، دەیان ژن و پیاو کۆبوونەوە و پاڵپشتی و هاوسۆزیی خۆیان بۆ غەززە دەربڕی.
شێخ غالب عیساوی، سەرکردە لە بزووتنەوەی داد و چاکەکار دەڵێت، "دۆزی فەلەستین یەکەم قیبلەمانە، دووەم حەرەمەین شەریفەینە، شەو و رۆژ پێغەمبەری خوای لێبووە (د.خ)، ناکرێت هیچ ساتێک لێی غیاب بین، ئەگەر ئەمەمان لەبیر کرد، کەواتە پێغەمبەری خوامان لەیاد کردووە."
لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی حەماس و ئیسرائیل، لە شەقامە گشتییەکانی بەغدا زوو زوو گردبوونەوە دەکرێت و هیوای سەرکەوتن بۆ حەماس و فەلەستین دەخوازن.
دایکی بیلال، هاووڵاتیی دانیشتووی بەغدا گوتی، "بەشداریکردنمان کەمترین شتە پێشکێشی دۆزی فەلەستینی و سەرخستنی براکانمان بکەین، هەموو وشەکانمان شەرمەزارە بەرامبەر ئازایەتییان، بەرامبەر قوربانیدانیان، ئەمە کەمترین شتە پێشکێشیان بکەین."
مسک عەبدولجەبار، کچێکی بەشداربووی گردبوونەوەیەکە و دەڵێت، "بەدڵنیاییەوە فەلەستین لەدڵماندایە، وەکو وڵاتی خۆمان وایە، ئەوان برای ئێمەن، بۆیە پێویستە هاوکاریان بین و سەریان خەین لەم حەملەیەدا، داواکارم لەخودا سەریانخات."
خاکی فەلەستین بە کێشەیەکی سەرەکی و ئاڵۆزی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دادەنرێت، 7ی ئەم مانگە حەماس بە وشکانی، ئاسمانی و هێزی دەریاوانی هێرشی کردە سەر ئیسرائیل. تاوەکو ئێستا نزیکەی دوو هەزار کەس لە هەردوولای شەڕەکە کوژراون و بە هەزارانی دیکەیش بریندارن.