پەرلەمانتارێکی پارتی: سبەی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار ناکرێت

11-10-2022
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
نازەنین گۆران و رێبوار عەلی
 
رووداو - هەولێر 

پەرلەمانتارێکی پارتی رایگەیاند، سبەی کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار ناکرێت، "چونکە هێشتا نەگەیشتوونەتە رێککەوتن." پەرلەمانتارێکی یەکێتیش دەڵێت: "تاوەکو رۆژی چوارشەممە و کاژێرەکانی کۆتایی کات ماوە بۆ ئەوەی لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش رێکبکەوین." 
 
10ى تشرینى یەکەمى 2022، موحسین مەندەلاوى، جێگرى یەکەمى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق لە کۆتایی کۆبوونەوەى دوێنێ پەرلەمانى عێرقدا رایگەیاند: داواکارییەکى بە واژۆى 170 پەرلەمانتار پێگەیشتووە بۆ ئەوەى چوارشەممەى داهاتوو، 12ى تشرینى یەکەم، کۆبوونەوەى پەرلەمانى عێراق بکرێت بۆ هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار.
 
ئەمڕۆ سێشەممە11-10-2022، شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری پارتی لە بەغدا لەبارەی کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بە رووداوی گوت: "هیچ بڕیارێک نەدراوە رۆژی چوارشەممە کۆبوونەوە بکرێت، داواکاری پێشکەش کراوە، بەڵام مەرج نییە ئەو کاتەی دیاریکراوە کۆبوونەوە بکرێت".
 
بە گوتەی شێروان دووبەردانی، ئەوەندەی ئاگاداربن پەرلەمانی عێراق رۆژی پێنجشەممە یان شەممە لەسەر ئەو پرسە کۆدەبێتەوە، "رۆژەکەش دیارینەکراوە، چونکە چاوەڕێی رێککەوتن دەکرێت، هێشتا رێککەوتن نەکراوە، ئەگەر رێکبکەوین ئەوە نیوەی شەویش بێت کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆککۆمار دەکەین."
 
لەبارەی بەشداریکردنی پارتی لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق، دووبەردانی گوتی: "ئەوە بڕیاری سەرۆک بارزانییە و تاوەکو ئێستا هیچمان پێ نەگوتراوە، ئەوەی ئاگادار کراوینەتەوە ئەوەیە پارتی بە دوو بەربژێر بەشداری کۆبوونەوە ناکات."
 
هەر ئەمڕۆ کاروان یاروەیس، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، دەرفەتی زۆر لەبەردەم هەموو لایەنە عێراقییەکان هەبوو بۆ ئەوەی بتوانن بۆ ئەو بەرکەوتنانەی هەیانە بەربژێرەکانیان یەکلایی بکەنەوە، بەتایبەت پارتی و یەکێتی کە دەرفەتی پێویستیان پێدرا بۆ ئەوەی لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار رێکبکەون، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە ئێستاش دەرفەتی دیکە نەمابێت، بەڵکو تاوەکو رۆژی چوارشەممە و کاژێرەکانی کۆتایی کات ماوە لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش رێکبکەوین کە بۆ ئایندەی کورد لە عێراق و پەیوەندییەکانی پارتی یەکێتی و بۆ ئەو هاوپەیمانیەتییەی کە تازە پێکهێندراوە باشترە.
 
کاروان یاروەیس، گوتیشی، ئەگەر لەسەر یەکلاییکردنەوەی یەک بەربژێر رێکنەکەوتن نابێت کاری پێکهێنانی حکومەت و ئەو دۆخە چەقبەستوویەی لەعێراق هەیە زیاتر دوا بکەوێت، ئەو کات دەبێت لە کۆبوونەوەی پەرلەمان ئەو پرسە یەکلایی بکرێتەوە.
 
سەبارەت بە رێککەوتن لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار پێش کۆبوونەوەی پەرلەمان، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی له ‌په‌رله‌مانى عێراق گوتی: "بەداخەوە بەقورسی دەزانم بگەینە رێککەوتن چونکە پێشتریش دەرفەتی زۆرمان لەدەستداوە بۆ رێککەوتن ئەوەش مانای ئەوە ناگەیێنێت کە پەیوەندی نێوان یەکێتی پارتی و بەرپرسیاریەتییەکانیان لەم پرسەدا کورت بکەینەوە، چونکە بەڕێککەوتن بێت یان بەبێ رێککەوتن ئەم پرسە یەکلایی دەکرێتەوە".
 
لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی یەکێتی دوای یەکلاییکردنەوەی بەربژێری سەرۆککۆمار لە پەرلەمانی عێراق، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی عێراق دەڵێت "پێشبینی دەکەم گرژی دروست بێت، بەڵام خۆ ئێمە سیاسەت دەکەین و لە کێبڕکێیەکی دیموکراسی و دەستووری و یاساییدان، سەرکردایەتی باڵای پارتی و یەکێتیش درک بەوە دەکەن کە دۆخەکە نەگاتە ئەو ئاستەی کە تەلەفۆنیش لە نێوانیاندا نەبێت، بەڵکو لە خراپترین دۆخیشدا پەیوەندی هەبووەو ئێستاش بەردەوامە و نەگەیشتووینەتە بنبەستی سیاسی".
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە