حیزبی ئیسلامی عێراق: پێویستە یاسای پاسەوانی نیشتمانیی پێشمەرگەش بگرێتەوە

11-10-2014
ئاسۆ فیشەگی
نیشانەکردن پاسەوانی نیشتمانی
A+ A-

رووداو-هەولێر

ئەیاد سامەرایی، سكرتێری گشتیی حیزبی ئیسلامی عێراق رایگەیاند، پێویستە یاسای هێزی پاسەوانی نیشتمانیی، كە بڕیارە لە پارێزگاكانی عێراقدا دروستبكرێ هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش بگرێتەوە.

ئەیاد سامەرایی لە بابەتێكدا بە نا‌ونیشانی (یەكلاكردنەوەی ناكۆكییەكان و تێپەڕاندنی ململانێكان) كە لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبو‌وك بڵاویكردووەتەوە، نووسیویەتی: "پێویستە یاسای هێزی پاسەوانی نیشتمانیی كە بڕیارە لە پارێزگاكانی عێراقدا دروستبكرێ و ئەركی سوپا لەو پارێزگایانە لەئەستۆبگرێ، هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش بگرێتەوە".

ئەیاد سامەرایی زۆرتر دەڵێ "دەرئەنجامی پێشهاتەكانی ئەمڕۆی عێراق چەندە خراپ بێ لە دەرئەنجامەكانی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ لە نێوان پێكهاتەكانی عێراق باشترە".

سكرتێری گشتی حیزبی ئیسلامی عێراق ئاماژەش بەوە دەكات "دیارترین هۆكارەكانی پەسەندنەكردنی بودجەی فیدراڵی ساڵی ٢٠١٤ ناكۆكییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كابینەی پێشووی حكومەتی عێراق بوو و زیانی زۆری بە هەردوولا گەیاند".

ئەیاد سامەرایی ئەوەش دەخاتەڕوو "ئەگەر هەیە ناكۆكییەكانی نێوان كوردستان و بەغدا بە گوشاری ئەمریكا و بە شێوەیەكی كاتی چارەسەر بكرێن، بەڵام ئەو چارەكردنە وەك ئاگربەستێكی كاتی دەبێ و جێگەی چارەسەری كۆتایی ناگرێتەوە".

سكرتێری گشتی حیزبی ئیسلامی عێراق دەشڵێ: "پێویستە لەسەر حكومەتی عێراق پەلە لە چارەسەركردنی پرسە پەیوەندیدارەكان بە سامانی نەوت و دابەشكردنی داهاتەكان و دەركردنی یاسای تایبەت بە نەوت و غاز بكات، یان ئەنجوومەنی باڵای نەوت و غاز پێكبهێنێ بۆ داڕشتنی سیاسەتی بەڕێوەبردنی كەرتی نەوت".

ئەیاد سامەرایی هاوكات دەڵێ " پێویستە لەسەر حكومەتی عێراق یاسای داهاتە داراییەكان و یاسای پێكهێنانی هێزی پاسەوانی نیشتمانی بكات و دەبێ ئەو یاسایە هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش بگرێتەوە، چارەكردنی ئەم پرسانەش بە واتای كۆتاییهێنانە بە بەشێكی گەورەی ململانێكان".

ئەمە لەكاتێكدایە چاودێرانی گۆڕەپانی سیاسی عێراق خوێندنەوەی جیاوازیان بۆ داواكانی هاوتاكردنی هێزی پاسەوانی نیشتمانی عێراق لەگەڵ هێزی پێشمەرگە هەیە و دەڵێن ئەو داوایانە بۆ بەخشینی شەرعییەتی یاساییە بە هێزی پاسەوانی نیشتمانی و سنوورداركردنی پێشمەرگەیە لە چوارچێوەی یاسایەكی عێراقی تایبەت بە هێزی پاسەوانی نیشتمانی. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە