لێکۆڵینەوە لە تۆماری دەنگیى "بەرتیلوەرگرتن" دەکرێت کە گوایە سەرۆکى دەستەى دەستپاکیی عێراقە

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق لێکۆڵینەوە لە تۆمارێکى دەنگى دەکات کە گوایە دەنگى سەرۆکى دەستەى دەستپاکییە بە پاساوى ئەوەى "تاوانى بەرتیلوەرگرتنى تێدایە"، دەستەکە ئەو تۆمارە بە دروستکراو نادەبات.
 
لە تۆمارەکەدا، باس لە وەرگرتنى 1.6 تریلیۆن دینار و ئۆتۆمبێلێکى کادیلاک دەکرێت لەلایەن ئەو دەنگەى کە هێشتا یەکلانەبووەتەوە حەیدەر حەنوونە.    
 
رۆژی 11ى ئەیلوول، ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق رایگەیاند، لێکۆڵینەوەیان لەو تۆمارە دەنگییانە دەستپێکردووە کە گوایە دەنگى حەیدەر حەنوون، سەرۆکى دەستەى دەستپاکییە.
 
لێکۆڵینەوەکە لەسەر داواى سەرۆکى دەستەى داواکارى گشتى بووە، کە داواى لە دادگەى لێکۆڵینەوەى سێى کەرخ کردووە لێکۆڵینەوە بکات بەو پێیەى بەگوێرەى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى "تاوانى بەرتیلوەرگرتنى تێدایە".
 
لەو تۆمارە دەنگییەدا کە هێشتا یەکلانەبووەتەوە حەیدەر حەنونە یان نا، کەسێک قسە دەکات وەک ئەوەى سەرۆکى دەستەى دەستپاکى بێت، کەسی یەکەم کەسی دووەم بە حاجى ناو دەبات و باسی کەسێک دەکات بە ناوى نەورەس کە هەڵسوکەوتەکانى کێشەى ناوەتەوە و چەند جارێک قسەى لەگەڵ کردووە و هۆشدارى داوەتێ لە بارەى ئەوەى چاویان لەسەرە، زۆر کەس رقی لێیانە و ئیرەییان پێدەبەن، دەزانن پەیوەندى نێوانیان چەند قووڵە و پێویستە ئاگادارى بێت. 
 
لە بەشێکى دیکەى تۆمارە دەنگییەکەدا ئەو کەسەى کە گوایە حەیدەر حەنوونە ئاماژە بەوە دەکات، شۆفێرەکەى نەورەس لەکاتى لێکۆڵینەوەدا ئاماژەى بەوە داوە، جارێک 750 ملیۆن و جارێکى دیکەش 900 ملیۆن دینارى ناردووە بۆ حەیدەر حەنوون و جارێکیش ئۆتۆمبێلێکى جۆرى کادیلاکى بۆ ناردووە.
 
بەگوێرەى تۆمارەکە بێت، ئەگەر دروست بێت پرسەکە پەیوەندارە بە داپۆشینى دۆسییەیەکى گەندەڵى، دەنگەکە دەڵێت: "بە نەورەسم گوتووە نکوڵى لە هەموو شتێک بکە خۆم کاروبارى دادوەرانت بۆ رێکدەخەم".
 
11ى ئەیلوول دەستەى دەسپاکى عێراق رەتیکردەوە کە ئەو تۆمارە دەنگییە حەیدەر حەنوون بێت و بە "دروستکراو" ناوى برد. 
 
دەستەکە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوەداوە، "ئەو هەنگاوە بۆ  کاریگەری دروستکردنە لەسەر دەستەى دەستپاکى و سەرۆکەکەى، ئەویش بەهۆى گرتنەبەرى رێوشوێن لە دژى گەندەڵکاران و تەوقدانیان".
 
دەستەى دەستپاکى راگەیاندووە، رۆژى 12ى ئەیلوول کۆنگرەى رۆژنامەڤانى لە بەغدا دەکەن بۆ ئەوەى ناوى ناوە "ئاشکراکردنى ئەو راستییانەى کە بێژنگى گەندەڵکاران ناتوانن دایپۆشن".