عێراق و ئێران 14 یاداشتی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد

11-09-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بە چاودێریی سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆککۆماری ئێران، هەردوو وڵات 14 یاداشتی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 11ی ئەیلوول محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی فراوانی نێوان هەردوو وڵاتیان کرد، کە لە کۆشکی حکومی لە بەغدا بەڕێوەچوو.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی رۆژنامەڤانیی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ سەبارەت بە هاوکاریی نێوان هەردوو وڵات کرا، کە بەرژەوەندی و سوودی دوولایەنە بەدیبهێنێت. بەدواداچوون بۆ کاری لیژنەی باڵای هاوبەشی عێراق و ئێران کرا، کە کۆبوونەوەی داهاتووی لە بەغدا دەکرێت.
 
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، هاوکاریی ئەمنیی هاوبەش تاوتوێ کرا، لەگەڵ "هاوکاریی بنیادنەرانە لە بوارەکانی پیشەسازیی پاڵاوتن و وزە و هاوکاریی نێوان کەرتی تایبەتی هەردوو وڵات."
 
 
سوودانی ئاماژەی بە گرێدانی ئایینی، کۆمەڵایەتی و مێژوویی کرد، کە هەردوولا وڵات بەیەکەوە دەبەستێتەوە، لەگەڵ  پێگەی جوگرافییان کە دەبێتە هێڵێکی گرنگی گرێدانی لۆجستی و گواستنەوە.
 
هەروەها باسی هێڵی ئاسنی (بەسرە - شەلەمچە) بۆ گواستنەوەی گەشتیاران  کرد و گوتی، "حکومەت مکوڕە لەسەر تەواوکردنی یاداشتە لێکتێگەیشتنەکان و جێبەجێکردنیان."
 
سەرۆککۆماری ئێران باسی قووڵایی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات کرد، کاریگەریی "پەیوەندی نایابیان بەسەر سەقامگیریی ناوچەکە" و  دووپاتی لە خواستنی وڵاتەکەی کردەوە، بۆ کاری هاوبەش و پەرەپێدانی هاوبەشی ئابووریی نێوان هەردوو وڵات. 
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆککۆماری ئێران سەرپەرشتی رێوڕەسمی واژۆکردنی 14 یاداشتی لێکتێگەیشتنیان کرد لە بوار و کەرتە جیاوازەکان: ئابووریی، هاوکاری مەشق، لاوان و وەرزش، ئاڵوگۆڕی فەرهەنگی، هونەری، شوێنەوار، پەروەردە، هاوکاری میدیایی، گەیاندن، گرووپی گەشتیارانی ئایینی، هاوکاری لە بواری ناوچەی ئازادی نێوان عێراق- ئێران، کشتوکاڵ، سامانە سروشتییەکان، پۆستە، پاراستنی کۆمەڵایەتی، مەشقی پیشەیی و هونەری، پەرەپێدانی هێزی کاری کارامە و هاوکاری ژوورەکانی بازرگانی.
 
 لە عێراق، وەزیرانی دەرەوە و بازرگانی و سەرۆکی یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانی یاداشتەکانیان واژۆ کرد. لەلایەنی ئێرانی-ش وەزیرانی دەرەوە و ئابووری واژۆیان لەسەر یاداشتە لێکتێگەیشتنەکان کرد.
 
سەرجەم ئەو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنانەی ئەمڕۆ لە نێوان عێراق و ئێران واژۆ کران:
 
1- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی هاوبەش لە بواری هاوکاری راهێنان.
 
2- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی هاوبەش لە بواری گەنجان و وەرزشی عێراقی – ئێرانی.
 
3- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی هاوبەش لە بواری ئاڵوگۆڕی رۆشنبیری و هونەری و شوێنەواری عێراقی - ئێرانی.
 
4- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی هاوبەش بۆ هاوکاری لە بواری پەروەردە.
 
5- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی هاوبەش لە بواری راگەیاندنی عێراقی – ئێرانی.
 
6- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی هاوبەش لە بواری گەیاندن.
 
7- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی هاوبەش لە بواری گرووپە گەشتیارییە ئایینیەکان.
 
8- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی هاوبەش لە بواری ناوچە ئازادەکانی عێراقی – ئێرانی.
 
9- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی هاوبەش لە بواری کشتوکاڵ و سەرچاوە سروشتییەکانی عێراقی - ئێرانی.
 
10- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی هاوبەش بۆ هاوکاری لە بواری پۆستە.
 
11- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی هاوبەش بۆ هاوکاری لە بواری پاراستنی کۆمەڵایەتی.
 
12- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی هاوبەش بۆ هاوکاری لە بواری پیشەیی و هونەری.
 
13- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی هاوبەش بۆ هاوکاری لە بواری بەرەوپێشبردنی هێزی کاری لێهاتووی عێراقی - ئێرانی.
 
14- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی هاوبەش بۆ هاوکاری لە بواری جوڵەی ژوورە بازرگانییەکانی عێراقی - ئێرانی.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە