ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان: لە شوێنی راوێژکارانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە فڕۆکەخانەی بەغدا دەنگی تەقینەوە بیستراوە
رووداو دیجیتاڵ
دەنگی تەقینەوەیەک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا بیسترا. فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان دەڵێت، لەو بەشە بووە کە راوێژکارانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی تێدایە. دەشڵێت، جووڵەی فڕۆکەوانیی مەدەنی ئاساییە و گەشتەکان رانەگیراون.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، کاژێر 11:00ی شەوی رابردوو دەنگێک لەنێو فڕۆکەخانەی بەغدا بیستراوە، لەو بەشەی کە لەلایەن راوێژکارانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەکاردێت.
بە گوتەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، هێزە ئەمنییەکانی عێراق جۆری تەقینەوەکە و هۆکارەکەی نازانن، هیچ لایەنێکیش بەرپرسیارێتی خۆی رانەگەیاندووە.
هەروەها دەشڵێت، "هێزە ئەمنی و هەواڵگرییەکان کار دەکەن بۆ زانینی رووداوەکە، دوای تەواوبوون راستییەکان دەخەنەڕوو. لەگەڵ ئەوەشدا جووڵەی فڕۆکەوانیی مەدەنی ئاساییە و گەشتەکان رانەگیراون."
زانیاریی جیاواز لەبارەی رووداوەکە باس دەکرێت، هەندێک باس لەوە دەکەن درۆن بووە، هەندێکی دیکە دەڵێن، بە دوو مووشەک "سەنتەری دبلن بۆ مەشقی سەربازی" لە بنکەی ڤیکتۆریای سەربازیی ئەمریکی لە فڕۆکەخانەی بەغدا کراوەتە ئامانج.
جەعفەر حوسێنی، گوتەبێژی سەربازیی کەتائیبی حیزبوڵڵا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەئامانجگرتنی فڕۆکەخانەی بەغدا دەستی گوماناویی لەپشتە، ئامانجەکەی شێواندنی سەردانەکەی سەرۆککۆماری ئێرانە بۆ بەغدا.
گوتەبێژی سەربازیی کەتائیبی حیزبوڵڵا داوا لە دەزگا ئەمنییەکان دەکات تێوەگلاوان ئاشکرا بکەن.