رووداو دیجیتاڵ
سەیدنور عەلی مورادی، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای پارێزگای ئیلام رایگەیاند، کۆرۆنا و نەخۆشییە گوێزراوەکانی دیکە لە رێی ئاو و خواردنەوەوە لەنێو زیارەتکارانی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن تەشەنەی سەندووە.
بەپێی راپۆرتی وەزارەتی تەندروستی ئێران، تاوەکو شەوی شەممە 10-09-2022، نزیکەی 11 هەزار کەس تووشی گەرمابردوویی بوون. ئەمەش ناڕەزایەتی لەنێو زیارەتکاران لێکەوتووەتەوە.
زیارەتکارێک دەڵێت: "لە سنووری عێراق نە ئاو و هەوایەکی باش هەیە، نە پێداویستی و خزمەتگوزاری، نە سیستمی پاکوخاوێنی رێکوپێک، تەنانەت ئۆتۆمبیلیش نییە بچین بۆ نەجەف. خەڵک لەنێو زبڵدا خەوتوون، کەچی لە تەلەفزیۆندا ئەو هەمووە پڕوپاگەندەیە دەکەن کە خزمەتگوزاری هەیە، ئەم شتە هەیە و ئەو شتە هەیە، بەڵام ئەو شتانەی باسی دەکەن هیچیان نییە."
حوسێن عەلی شەهریاری، پەرلەمانتاری ئێران دەڵێت: سەرەڕای ئەوەی بەرپرسان پێشبینیان کردبوو 5 ملیۆن کەس بەشداریی چلە بکەن، بەڵام پێداویستییەکان و ژێرخانە دەرمانی و خزمەتگوزارییەکان کەموکوڕییان هەبوو و لە سنووریش هۆکاری گواستنەوە نەبوو.
بەپێی راپۆرتی ناوەندی ئەربەعینی ئێران، تاوەکو یەکشەممە 2 ملیۆن و 600 هەزار زیارەتکار سەردانی عێراقیان کردووە. بەرپرسان دەڵێن: بارودۆخ وردە وردە باشتر دەبێت.
مەجید میرئەحمەدی، سەرۆکی دەستەی بەڕێکردنی زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێن باسی لەوە کرد، "بارودۆخی دەروازە سنوورییەکان وردە وردە باشتر بووە، ئەو قەرەباڵخییەی کە هۆکاری نیگەرانیش بوو، زۆر باشتر بووە. ئێستا دۆخی هەموو سنوورەکان گونجاوە."
وەزیری رێگەی ئێران گوتوویەتی، لە ئێستاوە ئامادەکاریی بۆ گەڕانەوەی خەڵک دەکەن، بۆ ئەوەی لە سنوورەکان گرفت دروست نەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ