رووداو - هەولێر
رێبەری رەوتی سەدر لە عێراق رایگەیاند، دەبێ هەموو خۆشەویستانی چاکسازی کە دژی ستەم و گەندەڵی راپەڕین، بەرەو "قیبلەی چاکسازی" بڕۆن لە کەربەلا، بەڵام نابێ لە کاتی زیارەتی چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێندا، "دەستدرێژیی بکرێتەسەر زیارەتکارانی بیانی، بەتایبەتی زیارەتکارانی ئێرانی."
ئەم داوایەی رێبەری رەوتی سەدر لە کاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی عێراق تۆمەتی دزین و کوشتن و هاتن بەبێ پاسپۆرت و رێگەپێدانی فەرمی درانەپاڵ ئەو زیارەتکارە ئێرانییانەی کە بۆ بەشداریکردن لە چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن، کچەزای پێغەمبەری ئیسلام (د.خ)، چوونەتە عێراق.
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر ئەمڕۆ یەکشەممە 11/9/2022، لە هەژماری خۆیدا لە تویتەر رایگەیاند، دەبێ هەموو خۆشەویستانی چاکسازی کە دژی ستەم و گەندەڵی راپەڕین، "بەرەو قیبلەی چاکسازی بڕۆن" لە کەربەلا.
موقتەدا سەدر هەروەها دەڵێت، بەخشینەوەی تۆمەت و ناونانی کەسانێک بە بەعسی یان تیرۆریست یان میلیشیا و بەخشینەوەی نازناوی لەو شێوانە لە زیارەتی چلەی ماتەمینی "قەدەخە و حەرامە".
ژمارەیەکی زۆر لە زیارەتکارانی ئێرانی بۆ بەشداری لە چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن هاتوونەتە عێراق، لە لایەن هەندێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تۆمەتی جۆراوجۆریان دەدرێتە پاڵ.
رێبەری رەوتی سەدر هۆشداریی دەدات و دەڵێت، "دەستدرێژیکردن"ـە سەر زیارەتکاران بە تایبەتی زیارەتکارانی ئێرانی، جا بە دەست، یان زمان، یان بڵاوکراوە بێت، "کارێکی قەدەخەکراو و حەرامە".
رێبەری رەوتی سەدر جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت هێزەکانی حەشد (حەشدی شەعبی) و سەرایا سەلام ئەرکی ئەمنی یان کۆنترۆڵکردنی خاڵەکانی پشکنین لەئەستۆ نەگرن و ئەمساڵ هیچ ئەرکێکی ئەمنی رانەپەڕێنن، چونکە رەنگە لێکەوتەی خراپی هەبێت.
رێپێوانی زیارەتکارانی شیعە بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن لە کەربەلا چەند رۆژێکە دەستیپێکردووە و بڕیارە لە رێکەوتی 17/9/2022 رێوڕەسمی چلەکە بەڕێوەبچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ