وەزارەتی پەروەردەى عێراق خولەکانى بەهێزکردنى تێکەڵاوى کوڕ و کچ قەدەخە دەکات


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتى پەروەردەى عێراق دەوامى تیکەڵاوى کوڕ و کچ لە پەیمانگەکانى بەهێزکردنى قوتابیانى سێى ناوەندی و شەشى ئامادەیی قەدەخە دەکات و دەڵێت "پێویستە دەوامیان جیابکرێتەوە".

وەزارەتى پەروەردەى عێراق لە نووسراوێکدا کە یەکشەممە، 11ـى ئابی 2024، ئاراستەى سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانى پەروەردەى کردووە، ئاماژەى بەوەداوە لەسەر بڕیارى وەزیرى پەروەردە، رەزامەندیی کارکردنى ئەو پەیمانگەیانەى بەهێزکردن هەڵوەشێندراونەتەوە کە "تێکەڵاون" و دەبێت دەوامى هەردوو رەگەز (کوڕ و کچ) بەجیابێت بۆ هەردوو قۆناخەکانى کۆتایی ناوەندی و ئامادەیی و "نابێت بەهیچ شێوەیەک دەوامى تێکەڵاویان تێدا بکرێت".
 
نەجوا کاکەیی، ئەندامى لیژنەى پەروەردەى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "بەشێکى زۆرى ئەو پەیمانگەیانە پێشتر تێکەڵاو بوون، یان لە هۆڵەکاندا قوتابیانى کوڕ و کچ پێکەوە بوون، یان پێکەوە دەوامیان کردووە و هۆڵیان بۆ جیا کراوەتەوە. ئەمە یەکەمجاره هەنگاوى لەو جۆرە بنرێت بۆ ئەوەى دەوامەکانیشیان بۆ جیا بکەنەوە".

 

 
ئەو پەیمانگەیانە لەلایەن وەزارەتى پەروەردەى عێراقەوە مۆڵەتیان پێدەدرێت، بۆئەوەى وانەى بەهێزکردن بە قوتابیانى هەردوو قۆناخى سێى ناوەندی و شەشى ئامادەیی بڵێنەوە. 
 
لە نووسراوەکەى وەزارەتى پەروەردە کە "بەپەلە و دەستبەجێ" لەسەرى نووسراوە، داوا لە بەڕێوەبەرایەتییەکان دەکات بە "وردی" کار لەسەر ئەو بڕیارە بکەن.
 
نەجوا کاکەیی گوتى "بەگوێرەى نووسراوەکە، مۆڵەتى پەیمانگە تێکڵەکان هەڵدەوەشێندرێنەوە و دەبێت ناوەکانیان بکرێت بە پەیمانگەى کوڕان و کچان".