ئاوەدانکردنەوەی عێراق بۆ رووداو: یەکەی نیشتەجێبوون بە 20 چینی کۆمەڵگە دەدەین

رووداو دیجیتاڵ
 
حکومەتی عێراق بازنەی سوودمەندبووانی یەکەی نیشتەجێبوون فراوانتر دەکات. گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دەڵێت: 20 چینی کۆمەڵگە سوودمەند دەبن و 50٪ـی پارەکەش لەسەر حکومەت دەبێت.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ـی ئابی 2024، نەبیل سەفار، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پڕۆژەی دروستکردنی شاری نیشتەجێبوون پلانی وەزارەتەکەیان بووە و پێنج شار دروستدەکرێن. ئەوانیش؛ شاری عەلی وەردی و جەواهیری لە بەغدا، غەزلانی لە موسڵ، جەنائین لە بابل و زەفاف لە کەربەلا، کە لە 220 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون پێکدێن و لە ماوەی 5 بۆ 8 ساڵی داهاتوو تەواو دەکرێن".
 
نرخی یەکەکانی نیشتەجێبوون بەگوێرەی شارەکان دەگۆڕێت، نەبیل سەفار دەڵێت، "گرانترینیان یەکەکانی شاری جەواهیری بەغدان، کە نرخی مەترێک چوارگۆشە بە 900 هەزار دینارە و رووبەری یەکەکانیش 120 مەتر دەبێت، بەڵام لە شارەکانی دیکە نزیکەی 50 بۆ 100 هەزار دینار لە نرخی یەکەکانی جەواهیری هەرزانترن".
 
گوتیشی، "فرۆشتنی یەکەکان بەشێوەی قیستی ساڵانە دەبێت و 50٪ پارەی کڕین حکومەت دەیدات و بڕەکەی دیکە لەسەر کەسی سوودمەندبوو دەبێت؛ سەرەڕای ئەوەی حکومەت قەرزی بچووک دەدات بەو هاونیشتمانییانە بۆ ئەوەی بتوانن بە ئاسانی قیستی یەکەکان بدەن".
 
سەبارەت بەو چینانەی کە لە وەرگرتنی یەکەکان سوودمەند دەبن؛ نەبیل سەفار دەڵێت، "سوودمەندبووان 20 چینی کۆمەڵگەن و ئەوانە دەگرێتەوە کە پێشتر لە وەرگرتنی پارچە زەوی و یەکەی نیشتەجێبوون سوودمەند نەبوون؛ دیارترینیشیان ئەمانەن:
 
- کەسوکاری شەهید و بریندارانی وەزارەتی ناوخۆ، بەرگری، حەشدی شەعبی و کردە تیرۆریستییەکان
- خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی
- ژنانی جیابووەوە و هاوسەر مردوو
- کچانی شوونەکردووی سەروو 35 ساڵیی
- کەسانی تۆمارکراو لە چاودێری کۆمەڵایەتی
- کۆچبەرانی تۆمارکراو لە وەزارەتی کۆچ
- خاوەن بڕوانامەی باڵای دانەمەزراو
- کەسانی نیڤشکان
- وەرزشڤانانی خاوەن دەستکەوت
- کەسوکاری ئەو فەرمانبەرانەی لە کاتی دەوام گیانیان لەدەستداوە.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، وڵاتەکە پێویستی بە سێ ملیۆن و 500 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونە، بۆئەوەی قەیرانی شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییان بە تەواوی چارەسەر بکات.