یونیتاد بەڵگەنامەکانی داعشی رادەستی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق کرد


رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، دۆسیەی بەڵگەنامەکانی تایبەت بە تاوانەکانی چەکدارانی داعشی لە تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد)، وەرگرت.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ـی ئابی 2024، فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق پێشوازی لە ئانا پێرۆ لۆپیس، راوێژکاری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) بە وەکالەت و ئەندامانی تیمەکە کرد.
 
بەپێی راگەیێندراوی ئەنجوومەنی دادوەری، سەرۆکی ئەنجوومەن ئەو دۆسیانەی وەرگرت کە لەلایەن تیمەکەوە ئامادەکرابوون و پەیوەستن بە تاوانەکانی داعش.
 
رۆژی پێنجشەممە، 11ـی تەمووزی 2024، ستیڤن ماتیاس، یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری یاسایی و ئانا پێرۆ لۆپیس، راوێژکاری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) بە وەکالەت ئەو دۆسییانەیان رادەستی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان کرد. 
 
دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئەو بەڵگانەی ئەمڕۆ رادەستمان کران ئەو زانیاری و کەرەستانەی یونیتاد بوون کە لە دەسەڵاتی دادوەری و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەریگرتوون، سەرەڕای بەشدارییەکانی لێکۆڵەران، پسپۆڕانی یاسایی، پسپۆڕانی پزیشکی دادوەری و شیکەرەوەکان لەخۆدەگرێت، کۆی قەبارەی داتاکان دەگاتە 45.95 گیگابایت کە کۆدکراو و پارێزراوە."
 
تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش و لێپرسینەوە لە تاوانکاران ناسراو بە یونیتاد، لە ساڵی 2017 لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەنامەکان پێکهێنرا تاوەکو تاوانبارانی داعش بدۆزرێنەوە و دادگەیی بکرێن.