دەستەی دەستپاکیی عێراق: لە شەش مانگدا 14797 دۆسیەی گەندەڵیمان بۆ هاتووە

11-08-2022
هەڵکەوت عەزیز
هەڵکەوت عەزیز
دەستەی دەستپاکیی عێراق: لە شەش مانگدا 725 کەس بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکراون
دەستەی دەستپاکیی عێراق: لە شەش مانگدا 725 کەس بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکراون
A+ A-

رووداو-بەغدا

یەکێک لەو داواکارییەی کە سەدرییەکانی بردووەتە ناوچەی سەوز و پەرلەمان و هەمیشە دەیڵێنەوە، پرسی گەندەڵییە. ئەوان وای دەبینن ئەوە هۆکاری سەرەکییە کە عێراقی دووچاری ئەم دۆخەی ئێستا کردووەتەوە. دەستەی دەستپاکیی عێراق دەڵێت، بەهۆی گەندەڵییەوە تەنیا لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا فەرمانی دەستگیرکردن بۆ 731 کەس دەرچووە.
 
بەگوێرەی ئاماری دەستەی دەستپاکیی عێراق، تەنیا لەماوەی شەش مانگی ئەمساڵدا 14 هەزار و 797 دۆسیەی گەندەڵییان بەدەست گەیشتووە. هەروەها حەوت هەزار و 737 کەسیش بەوهۆیەوە تۆمەتبار کراون کە سێ هەزار و 871  کەسیان داوایان لێکراوە لەبەردەم دادگە ئامادەبن. ئەوە لە کاتێکدایە هەر بەپێی ئامارەکە، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ 731 تۆمەتبار دەرچووە کە تێیاندا بەرپرسی باڵا هەن. 
 
عەلا جەواد، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق دەڵێت: "لە دەستەی دەستپاکی 14 هەزار و 797 دۆسیەمان لایە، حەوت هەزار و 737 کەسیان تۆمەتبار کراون، سێ هەزار و 871  کەس دۆسییەکانیان براوەتە دادگە و دەبێت ئامادەبن بۆ لێکۆڵینەوە، هەروەها 731 فەرمانی دەستگیرکردنیش دەرچووە." 
 
لە دوای ساڵی 2003ـەوە بودجەكانی عێراق گەیشتووەتە زیاتر لە ترلیۆنێك دۆلار. وەزیری دارایی عێراق بە فەرمی گوتی، 250 ملیار دۆلار بەهۆی گەندەڵیی داراییەوە کەس نازانێت چییان لێ هاتووە، بەڵام باس لە ژمارەیەکی زۆر زیاتر دەکرێت.
 
غالب دەعمی، ئەندامی رەوتی سەدر گوتی: "بەبێ ویستی سیاسی و حیزبی ناتوانرێت رووبەڕووی گەندەڵی ببینەوە، ئەگەر گەندەڵی دابەش بکەین، ئەوا دەستەی دەستپاکی 15٪ دەتوانێت رێژی گەندەڵی دیاریبکات و لێکۆڵینەوە بکات، ئەگەر نا رێژەکە روو لە زیادبوونە، ئەوەی دەمێنێتەوە خواست و ویستی سیاسی و حکومەت و حیزب و سەرکردە سیاسییەکانە بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی."
 
هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە راپۆرتێکدا دەڵێت، لە دوای ساڵی 2003ـەوە زیاتر لە 350 ملیار دۆلار تەنیا لە بودجەی گشتیی عێراق بەهەدەر دراوە و براوەتە دەرەوەی وڵات، دەشڵێت، بەڕێژەی 20٪بۆ 40٪ی کۆی بودجەکانی ساڵی 2003 تاوەکو 2021 دزراون. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە