فاو: شەپۆلێکى گەرما رووبەڕووى هۆڕەکانی عێراق بووەتەوە، کە 40 ساڵە رووینەداوە

11-07-2023
هەستیار قادر
نیشانەکردن وشکەساڵی گۆڕانی کەشوهەوا
A+ A-
 رووداو  دیجیتاڵ

رێکخراوى فاو هۆشداریدا لە کاریگەرییە نەرێنییەکانى گۆڕانى کەشوهەوا و بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرما لە عێراق. بەپێی رێکخراوەکە شەپۆلێکى گەرما رووبەڕووى هۆڕەکان بووەتەوە، کە 40 ساڵە رووینەداوە و ئاستى ئاوەکەى لە هەندێک شوێندا گەیاندووەتە سفر. 
 
رێکخراوى خۆراک و کشتوکاڵى سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (فاو) راپۆرتێکى لەبارەى کاریگەرییەکانى گۆڕانى کەشوهەوا لە عێراق بڵاوکردەوە، بەتایبەت لەسەر کەرتى ئاژەڵداری و کشتوکاڵ.
 
رێکخراوى فاو هۆشداری داوە لە کاریگەرییە نەرێنییەکانى گۆڕانى کەشوهەوا لەسەر کەمئاوى لە هۆڕەکان و بەخێوکارانى گامێش. رێکخراوەکە دەڵێت، بەگوێرەى راپۆرتى مەیدانیی تیمەکانیان، هۆڕەکان رووبەڕووى تەوژمێکى گەرما بوونەتەوە، کە لە ماوەى 40 ساڵى رابردوودا وێنەی نەبووە.
 
بەگوێرەى ئامارى وەزارەتى سەرچاوەکانى عێراق، بڕى ئاوى رۆژانەى رووبارى دیجلە 205 مەتر سێجا و ئاوى فورات 153 مەتر سێجایە لە چرکەیەکدا، کە ئەمەش نیوەى بڕى پێویستە.
 
رێکخراوى فاو رایگەیاندووە، بەگوێرەى ئەو راپۆرتانەى تاوەکو 7ـی تەمموز پێیانگەیشتوون، ئاستى ئاوى فورات 56 سانتیمەترە، لەکاتێکدا ئاستى ئاوى هۆڕەکان لەنێوان 30 سانتیمەر بۆ سفرە و رێژەى وشکەساڵى لە هۆڕەکان گەیشتووەتە 90%، ئاستى سوێریی ئاویش گەیشتووەتە شەش هەزار لە ملیۆنێکدا، ئەوەش مەترسیی لەلاى جووتیاران دروستکردووە، بەتایبەتی بەخێوکارانى گامێش و ماسی، بەوپێیەى 70%ـی هۆڕەکان بێ ئاو بوون.
 
بەگوێرەى خشتەیەک کە لەنێو راپۆرتەکەدا بڵاوکراوەتەوە، ئاستى ئاوى رووبارى فوڕات لەساڵى 2021ـدا گەیشتووەتە 127 سانتیمەتر، لەکاتێکدا ساڵى 2022 کەمبووەتەوە بۆ 77 سانتیمەتر، بەر لەوەى لەساڵى 2023 کەمتر ببێتەوە بۆ 56 سانتیمەتر.
 
رێکخراوەکە لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەى بەوە داوە، لەساڵى 2022ـدا بەهاوهانگى لەگەڵ وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق، هاوکاریى خێراى پێنج هەزار جووتیار و بەخێوکارانى گامێشی کردووە لە هۆڕەکان و چبیاش لە سنوورى پارێزگاى زیقار، بەڵام دۆخەکە لە مانگى تەمموزى 2023 ئاڵۆزتر بووە.
 
شازلی کیولى، پسپۆرى سامانى ئاژەڵ لە رێکخراوى فاو لە عێراق رایگەیاندووە، گامێشى هۆڕەکان رووبەڕووى خراپیی خۆراک دەبنەوە و هەندێکیان بەهۆى پیسبوونى ئاوى هۆڕەکان، مردار دەبن و دەبێت رێوشوێنى خێرا و یەکلاکەرەوە بگیرێتەبەر.
 
بەگوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق، لەماوەى یەک ساڵى رابردوودا زیاتر لە حەوت هەزار جووتیار بەهۆى گۆڕانى کەشوهەوا، گوندەکانیان بۆ سەنتەرى شارەکان بەجێهێشتووە.
 
سەڵاح حاج حەسەن، نوێنەرى رێکخراوى فاو لە عێراق رایگەیاندووە، کەمئاوى و شەپۆلەکانى گەرما و وشکەساڵى لە هۆڕەکان، بەخێوکارانى گامێش و سیستمى ژینگەیی رووبەڕووى "مەترسییەکى گەورە" کردووەتەوە.
 
پێشتر و لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، لەرێگەی چەند راپۆرتێکی تایبەت و فۆتۆستۆری و نیوزفیچەر، تۆڕی میدیایی رووداو دیمەنی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوای لەسەر سامانی ماسی و گامێش، هەروەها کەمبوونەوە تا رادەی وشکبوونی زۆنگاوەکانی پارێزگای زیقار، بەرهەمهێنا و بڵاویکردنەوە.  
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق.

سوودانى: مەترسییەکانمان لەسەر عێراق دوورخستنەوە

سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند: حکومەتەکەى توانیویەتى مەترسییەکان لەسەر عێراق دوور بخاتەوە و داواى لە فەرماندە سەربازییەکانى نەینەوا کرد، جگە لە پیشەیی بوون مامەڵە بەهیچ پێوەرێکى دیکە نەکەن لە دابەشکردنى بەرپرسیارێتییە ئەمنییەکاندا.