لە بەغدا کچێک تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی دەخاتە پاڵ باوکی، ئەویش رەتیدەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ

بڵاوبوونەوەى دوو تۆمارى ڤیدیۆیی کچ و دایکێک لە 7ى تەممووزى 2022، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى لە عێراق تەنی، کچەکە دەیگوت "باوکم دەستدرێژیی سێکسی کردووەتە سەرم" و دایکیشی سکاڵاى دەکرد. لەکاتێکدا باوکى کچەکە بەشێوەیەکی دیکە باس لە رووداوەکە دەکات.
 
ئەوەى هەستیارى پرسەکەى زیاتر کردووە شێوازی تۆمەتەکەیە، کە دەستدرێژیى سێکسییە، ئەو تۆمەتەى بۆ کۆمەڵگەیەکى عێراقى زۆرینە پابەند بە ئایینەوە یەکێکە لە هەستیارترین پرسەکان لە رووى کۆمەڵایەتی و یاساییەوە .
 
بەنین محەممەد تەمەنی 16 ساڵە و لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا پەیامێکى ئاراستەى مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیران و وەزیرى ناوخۆ کرد و داوایکرد کە مافەکانى بۆ بگەڕێننەوە.
 
بەنین گوتى: "باوکم دەستدرێژیی کردە سەرم و هەموو راپۆرتێکم ئامادە کرد، بەڵام لەژێر گوشار و هەڕەشەی باوکمدا دەستبەردارى هەموو مافەکانم بووم".
 
سەحەرى دایکى بەنین لە گرتەیەکى ڤیدیۆیى دیکەدا پاڵپشتیی کچەکەى کرد لەو تۆمەتانەى ئاڕاستەى باوکى کردوون. سەحەر دەڵێت: "کچەکەم لەلایەن باوکییەوە دەستدرێژی کرایە سەرى و هەڕەشەى کوشتنى لێکرا و ویستیان کچەکەم بکوژن، مستەفا کازمى من لە ئەستۆى تۆ و خوادام، کچەکەم ژیانى لە مەترسیدایە و خۆم و پێنج منداڵەکەم دەربەدەر بووین".
 
محەممەد ئیبراهیم، باوکى بەنین کە لە رۆژهەڵاتى بەغدا دەژى، بە تۆڕى میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەڕێوەبەرى پۆلیسى تووندوتیژى خێزانی پێیگوتم دەستدرێژیت کردووەتە سەر کچەکەت، پێیانگوتم دەبێت قسە بکەیت و بڵێیت دەستدرێژیت کردووەتە سەر کچەکەت، ئەگەرنا بەزۆر قسەت پێ دەکەین".
 
بە گوتەى محەممەد داواکارى گشتى و دادوەر پێیان راگەیاندووە کچەکەى بەگوێرەى پشکنینەکان دەبێت شووی کردبێت و کچێنى لەدەستداوە لەکاتێکدا ئەو وەک باوکى ئاگادارى شووکردنى نییە.
 
کێشەکە بنەماڵەی بەنینى لەبەرەى دایکى گرتووەتەوە، کە هاوڕاى زاواکەیانن لەو کێشەیەدا.
 
خاڵى بەنین کە ئامادە نەبوو ناوى بڵاوبکرێتەوە، داوایکرد کە خوشک و خوشکەزاکەى بگەڕێنەوە بۆ ماڵەوەکەیان، کەسێکى تۆمەتبار کرد بە دروستکردنى پەیوەندى لەگەڵیاندا و هاندانى بۆ ئەنجامدانى ئەو کارە و بازرگانیکردن پێوەى کە بە گوتەى ئەو  هۆکارى ئەو تۆمەتبەخشینەوەیە بوون.
 
خاڵى بەنین بە رووداوى گوت: "داوا لە حکومەت دەکەم خوشک و خوشکەزاکەم بگەڕێننەوە، ئەگەرنا لە مافى خۆم لەسەر ئەو کەسە خۆشنابم ئەگەر بگاتە مردنیشم".
 
بەنین سوور بوو لەسەر ئەو تۆمەتانەى کە ئاراستەى باوکى کردووە و بە رووداوى راگەیاند: "یەکەمجار باوکم لە ئادارى 2022 دەستدرێژیی کردە سەرم و لە ماوەى هەفتەیەکدا سێجار دەستدرێژیی کردە سەرم. جارى چوارەم کە دەستدرێژی کردە سەرم کاژێر سێى شەو بوو، ئەوکات نامەیەکم نارد بۆ دایکم پێمگوت ئەگەر نەیەیت نەمبەیت خۆم دەکوژم."
 
بە گوتەى ئەو کچە کاژێر چوارى شەو دایکى هاتووە بۆ لاى و بردوویەتى بۆ بنکەیەکی پۆلیس و پشکنینی بۆ کراوە و راپۆرتى بەرایی ئامادەکردووە، ئەو دەڵێت: "بە دایکمیان گوت بەنین هێشتا کچە و کێشەى نییە".
 
تۆمەتێکى دیکە کە بەنین لە گرتە ڤیدیۆییەکدا باسی کردووە هەڕەشەلێکردنى بووە بۆ ئەوەى دەستبەردارى سکاڵاکەى بێت.
 
ئەو گوتی: "شەوێک بردمیان بۆ شوێنێکى دوورەدەست و لەوێ بەستیانمەوە، وێنەیان گرتم، بۆ ئەوەى سکاڵاکەم بکشێنمەوە، دواتر وێنەکانم نارد بۆ پۆلیس و باوکمیان بۆ ماوەیەک بەندکرد، دواتر بە کەفالەت ئازاد کرا".
 
ئەوەى کە دۆسییەکە بەلایەکدا دەخات راپۆرتى کۆتایی پشکنینى بەنینە لەبارەى لەدەستدانى کچێنییەوە کە تاوەکو ئێستا دەرنەچووە.
 
ئەو کاتەى کە ئەو کێشەیە روویداوە، سەحەرى دایکى بەنین بەهۆى کێشەی لەگەڵ مێردەکەى لە ماڵ دەرچووە و لەوێ نەبووە.
 
سەحەر بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "ئەو شەوەى گەڕامەوە بۆ لاى کچەکەم، محەممەد و ژنەکەى و براژنەکەى و هاتن و لێیانداین و بەزۆر خستنیانە ئۆتۆمبێلێکەوە تاوەکو گەیشتینە شوێنێکى دیکە، دوو برای خۆمیان لەگەڵدا بوو لەو شوێنە".
 
بەگوێرەى ماددەى 393ى یاسایى سزادانى عێراقى ئەگەر کەسێک دەستدرێژیی سێکسی بکاتە سەر کچێک کە 18 ساڵى تەمەنى تەواو نەکردبێت سزاکەى بەندکردنى تاهەتایی دەبێت.
 
ئەوە لەکاتێکدایە کە بەگوێرەى ماددەى 424 یاسای سزادانى عێراقى هەر کەسێک هەواڵێکى یان تۆمەتێکى ناڕاست ئاڕاستەى کەسێکى دیکە بکات بەمەبەستى هەڵخەڵەتاندنى دادگە، سزاکەى بەندکردن دەبێت بۆ ماوەیەک کە لە شەش مانگ زیاتر نەبێت.
 
فاتن حلفى، ئەندامى کۆمیسیۆنى مافى مرۆڤى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "دادگە لایەنى یەکلاکەرەوەیە لەو جۆرە پرسانە لەسەر بنەماى یاسایى. ئەگەر دەرکەوت بەنین دەستدرێژی کراوەتەسەرى، باوکى سزاى خۆى وەردەگرێت، ئەگەریش دەرکەوت تۆمەتیان هەڵبەستووە، ئەوا بەنین و دایکى بەپێی یاسا سزا دەدرێن".