ئەمساڵ 20 هەوڵى خۆکوشتن لە رێگەى خۆهەڵدان لەسەر پردەکانى بابلەوە شکستیان پێهێندراوە

11-07-2022
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە ماوەى شەش مانگى رابردوودا پۆلیسی پارێزگاى بابل شکستى بە 20 هەوڵى خۆکوشتن داوە کە لە رێگەى خۆهەڵدان لەسەر دوو پردى ئەو پارێزگایە بوون؛ بەڕێوەبەرى راگەیاندنى پۆلیسى پارێزگاکە دەڵێت، "زۆربوونى ئەو هەوڵانە ناچاری کردووین یەکەى چاودێرى لە نزیک پردەکان دابنێن." 
 
عەمید عادل حوسەینى، بەڕێوەبەرى راگەیاندنى پۆلیسى بابل رۆژی دووشەممە 11-7-2022 بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "لە ماوەى شەش مانگى رابردوودا هێزەکانى پۆلیس شکستیان بە 20 هەوڵى خۆکوشتن لە رێگەى خۆهەڵدان لەسەر دوو پردى پارێزگاکە هێناوە و لەلایەن پۆلیسی رووبار و فریاکەوتنەوە کەسەکان رزگارکراون." 
 
لە سنوورى پارێزگاى بابل دوو پردى مسەیب و حللە لەسەر رووباری فورات هەن کە بەنێو چەند شارێکی پارێزگاکەدا دەڕوات.  
عەمید عادل حوسەینى ئاماژەى بەوەدا کە زۆرى ئەو هەوڵى خۆکوشتنانە لە رێگەى خۆهەڵدانە ئاوى رووبارەوە وایکرد کە یەکەى تایبەتى هاوبەشی نێوان پۆلیسى رووبار و فریاکەوتن لەنزیک پردەکان جێگیر بکەن، ئەوەش بۆ رێگرى لەو هەوڵى خۆکوشتنانە. 
 
ساڵى 2021 ژمارەى خۆکوشتن لە عێراق گەیشتە 772 کەس کە 100 خۆکوشتنى لە ساڵى پێش خۆى زیاتر بوو.
 
بەگوێرەى ماددەى 408 لە یاساى سزادانى عێراق، تەنیا ئەو کەسە سزا دەدرێت بە بەندکردن بۆ ماوەى حەوت ساڵ کە هانى کەسێکی دیکە دەدات بۆ خۆکوشتن یان هاوکاری دەکات؛ ئەو کەسەى هەوڵى خۆکوشتن دەدات هیچ سزایەکى لەسەر نییە.
 
بەڕێوەبەرى راگەیاندنى پۆلیسى بابل دەڵێت، "لە دوای رزگارکردنى ئەو کەسانەى کە هەوڵى خۆکوشتنیان داوە، رادەستى لایەنە پەیوەندارەکانمان کردوون." 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە