سوودانی گەیشتە ئوردن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ بەشداریکردن لە کۆنفڕانسی وەڵامدانەوەی مرۆیی خێرا بۆ غەزە سەردانی ئوردن دەکات و بڕیارە عێراق یارمەتییەکانی بۆ غەزە زیاد بکات، بەرپرسێکی مانگی سووری عێراقیش دەڵێت، تاوەکو ئێستا 750 هەزار تۆن یارمەتییان بۆ غەززە ناردووە.
نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ سەرۆکوەزیران، بەغدای بەرەو شاری عەممانی پایتەخی ئوردن بەجێهێشت بۆ ئەوەی بەشداری لەو کۆنفڕانسە بکات.
غەسان سوینى، بەرپرسی راگەیاندنى کۆمەڵەى مانگى سوورى عێراقى بە تۆڕى میدیایی روواوى رایگەیاند: "عێراق تائێستا بە چەند کاروانێک 750 هەزار تۆن یارمەتیی بۆ دانیشتووانی غەززە ناردووە، بەشێکیان پێداویستی خۆراکی و بەشێکیان پێداویستی پزیشکین، کاروانی یەکەم کە 250 هەزار تۆن بوو و گەیشتە غەززە و دابەشکرا، کاروانی دووەم گەیشتووەتە میسر و بریارە هەفتەی داهاتوو بگاتە غەززە و دابەشبکرێت."
بەرپرسی راگەیاندنى کۆمەڵەى مانگى سوورى عێراقى ئاماژەی بەوەدا، یارمەتییەکانی عێراق بۆ دانیشتووانی غەزە بەردەوام دەبێت، گوتیشی، "عێراق پلانی هەیە چەند کاروانێکی دیکەی یارمەتی بنێرێت."
لە کۆبوونەوەی دوێنێیدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا رێکخراوی مانگی سووری عێراق لە رێنماییەکانی خشتەکانی بودجەی ساڵانی 2023، 2024 و 2025 بەدەر بکات، ئەوەش وەکو لە راگێیندراوەکەی ئەنجوومەنی وەزیراندا هاتووە: "بۆ کڕینی کەرەستە و شمەک لە چوارچێوەی ئەو یارمەتییانەی بۆ غەززە دەنێردرێن."
ئەمڕۆ سێشەممە 11ـی حوزەیرانی 2024، لە ناوچەی دەریای مردوو کە 30 کیلۆمەتر لە پایتەختی ئوردنەوە دوورە، سەرۆک و سەرکردەی ژمارەیەک وڵات و بەرپرسانی رێکخراوە مرۆیی و فریاگوزارییەکانی نێودەوڵەتی لەسەر بانگێشتنی شا عەبدوڵای دووەم، شای ئوردن و عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، ئەمینداری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان کۆدەبنەوە.
ئامانج لە کۆنفڕانسەکە کۆکردنەوەی یارمەتیی مرۆییە بۆ دانیشتووانی غەززە کە بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دۆخی خراپی ژیاندان.
دوای 8 مانگ لە پێکدادان و کوژرانی زیاتر لە 36 هەزار کەس لە غەززە و زیاتر لە 1200 کەسیش لە ئیسرائیل لە دوای رووداوەکانی 7ی ئۆکتۆبەری 2023، رۆژی دووشەممە، 10ـی حوزەیرانی 2024، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی پێشنیازەکەی ئەمریکا بۆ ئاگربەستی غەززە کۆبوویەوە و لە کۆی 15 ئەندامی ئەنجوومەنەکە 14یان بە 'بەڵی' لە بەرژەوەندیی پڕۆژەیاساکە دەنگیان دا و تەنیا رووسیا دەنگی بە پڕۆژەیاساکە نەدا.