نەخۆشخانەیەکی نەجەف سووتا و 41 منداڵ رزگار کران

رووداو دیجیتاڵ
 
نەخۆشخانەیەکی شاری نەجەف بەهۆی شۆرتی کارەباوە گڕی گرت، تیمەکانی بەرگریی شارستانیی پارێزگای نەجەفیش توانیان 41 منداڵی نەبەکام لە سووتان رزگار بکەن.
 
بەیانی ئەمڕۆ نەخۆشخانەی زەهرای تایبەت بە منداڵان و منداڵبوون لە نەجەف ئاگری گرت و مەترسی لەسەر منداڵانی نەبەکام دروست بوو، نوئاس سەباح، هاوئاهەنگیکاری میدیایی بەرگریی شارستانیی عێراق بە رووداوی گوت: "دەستوەردانی خێرای تیمەکانی بەرگری شارستانی وایکرد هیچ زیانێکی گیانی دروست نەبێت و هەموو منداڵەکان کە 41 منداڵ بوون رزگارکران و سەرجەمیان تەندروستییان باشە."
 
د. غەسان هاتف عکایشی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی زەهرا رایگەیاند: "ئەمڕۆ بەهۆی شۆرتی کارەباوە ئاگر لە هۆڵی منداڵبوون کەوتەوە، سوپاس بۆ خودا بە هەوڵی هەمووان لە تیمەکانی بەرگری شارستانی، کارمەندانی نەخۆشخانە هەموویان لە ئافرەتان و پیاوان، هاوکاربوون بۆ دەرکردنی نەخۆشەکان لە هۆڵەکە و منداڵانی نەبەکام، هیچ زیانێکی گیانیمان نەبووە سوپاس بۆ خودا کۆنتڕۆڵی سەرجەم بەشەکانی دامەزراوەکە کرا."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی زەهرا، ئاگرەکە لایەن تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە کوژێندراوەتەوە.
 
تیمەکانی بەرگریی شارستانیی نەجەف سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە هۆکارەکانی ئاگرەکە و دوای ئەوە راپۆرتێک بۆ پارێزگا و بۆ سەرووی خۆیان لە بەرگری شارستانی بەرزدەکەنەوە.