دەنگۆی بڕینی ئەندامی نێرینەی پیاوێک لەلایەن هاوژینەکەیەوە رەتدەکرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای واست ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە، کە گوایە ژنێک وەکو تۆڵەکردنەوە، ئەندامی نێرینەی هاوژینەکەی بڕیوە.
 
دووشەممە 10-06-2024 فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای واست لە باشووری عێراق، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "ژمارەیەک لە پەیجەکانی سۆشیاڵ میدیا و دەزگاکانی راگەیاندن هەواڵێکیان لەبارەی تاوانێکەوە بڵاوکردەوە گوایە لەلایەن ژنێکەوە بە مەبەستی تۆڵەکردنەوە ئەو کارە کراوە، بەڵام دەمانەوێت پشتڕاستی بکەینەوە ئەو هەواڵە درۆیە و هیچ تاوانێکی لەو جۆرە رووینەداوە".
 
روونکردنەوەکەی پۆلیسی پارێزگای واست، دوای ئەوە هات، لە هەندێک میدیا و سۆشیاڵ میدیا هەواڵێک بڵاوکرایەوە گوایە ژنێک وەک تۆڵەسەندنەوە لە هاوژینەکەی کە گوایە ناپاکیی لێکردووە و پەیوەندیی لەگەڵ ئافرەتێکی دیکەدا هەبووە، بە چەقۆ ئەندامی نێرینەی پیاوەکەی لێکردووەتەوە. وا بڵاوکرایەوە پیاوەکە ئەفسەرە لە سوپای عێراق و پلەی عەقیدی هەیە.
 
عەلی محەممەد، گوتەبێژی تەندروستی واست، بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە هیچ نەخۆشخانەیەکی پارێزگاکەمان هیچ شتێکی وا رووینەداوە و کەیسی وا نەهاتووەتە لای ئێمە".
 
لە پارێزگای واست بنکەیەکی ئاسمانی بەناوی بنکەی ئاسمانیی کوت هەیە، ژمارەیەک سەرباز و ئەفسەری تێدان، گوتەبێژەکەی تەندروستی واست گوتی، "نازانین ئەگەر شتێکی وا تۆمارکرابێت، ئەفسەرەکە لەو شوێنە دەوامی هەبێت و کەیسەکە رەوانەی بەغدا کرابێت، بەڵام هیچ کەیسکی لەو جۆرە نەچووەتە نەخۆشخانەکانی پارێزگاکە".