عێراق بۆ ئەمریکا: حەشدی شەعبی هێرشی نەکردووەتە سەر چێشتخانەکان

 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لەبارەی هێرشی سەر چێشتخانەکان و براندە ئەمریکییەکان، قسەکانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رەتدەکاتەوە و دەڵێ: "حەشدی شەعبی نییە."
 
وەزارەتی دەرەوەی عێراق، رۆژی سێشەممە، 11-06-2024، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە: "ماتیو میلەر، گوتەبێژی دەرەوەی دەرەوەی ئەمریکا لێدوانی نادروستی داوە، تێیدا بەرپرسیاریەتی کردەوەکانی پێشێلکردنی ئاسایشی عێراقی خستووەتە ئەستۆی حەشدی شەعبی."
 
پێشتر، رۆژی 6ـی حوزەیران، ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداوی لە واشنتن گوتبوو: "نیگەرانین لەوەی چەند کەسێکی نێو حەشدی شەعبی گوێ بۆ فەرماندەی گشتیی ‌هێزە چەکدارەکانی عێراق نادەن و لە چەند کردەوەیەکی تووندوتیژی و ناسەقامگیریکردن لە عێراق و سووریا تێوەدەگلێن."
 
میلەر گوتیشی کە هێرشەکانی دژی "هێزەکانی ئەمریکا، هاوپەیمانان و هێزە ئەمنییەکانی عێراق و شوێنە بازرگانییەکان ئاسایش و ئابووریی عێراق پێشێل دەکەن، ئێمەش بەردەوامین لە هاندانی حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی ئەو کەسانە لە بەرامبەر شکاندنی یاسای عێراقی، بە سزای خۆیان بگەیێنێت." 
 
وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت: "دووپاتیدەکەینەوە حەشدی شەعبی دامەزراوەیەکی ئەمنیی عێراقییە، بە تەواوی ملکەچی یاساکانی عێراقە، پابەندە بە فەرمان و بڕیارەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، کاردەکات بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیریی لە وڵات، ئەوەش لە چوارچێوەی یاسا دیاریکراوەکاندا".
 
وەزارەتی دەرەوەی عێراق  جەخت لەوە دەکاتەوە، گرووپێکی لە یاسا دەرچوو، هێرشیانکردووەتە سەر چێشتخانەکان، کە نوێنەرایەتی دامەزراوەی حەشدی شەعبی ناکەن. ئەوانەی لەو رووداوانەش تێوەگلاون، ئێستا لە ژێرباری سزای کارگێڕی و رێکاریی گونجاو دان". 
 
هەفتەی رابردوو، لە بەغدا هێرشکرایە سەر چەند چێشتخانە و کۆمپانیایەکی ئەمریکی لەوانە؛ زنجیرە خواردنگەی کەی ئێف سی، چیللی هاوس و کۆمپانیای کاتەرپێلەر. هێرشەکان لەلایەن ژمارەیەک چەکدار دەکرێن کە بەشێکیان دەمامکدارن و سەر بە گرووپە چەکدارەکانی عێراقن. ئەوان وا لە خەڵک دەگەیێنن ئەو شوێن و براندانە ئەمریکیین پشتگیری لە ئیسرائیل دەکەن لە جەنگی غەززەدا. 
 
رۆژی چوارشەممە، 05-06-2024، وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆ، گرووپێکی نوێیان دەستگیرکرد، کە تۆمەتبارن بە رووداوەکانی هێرش و کاری تێکدەرانەی رۆژانی رابردووی سەر ژمارەیەک چێشتخانەی 'کەی ئێف سی' و بریکارەکانی بیانی لە ناوچە جیاوازەکانی شاری بە‌غدا".