لویس ساکۆ کرایەوە پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان

رووداو دیجیتاڵ 

بە بڕیاری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لویس ساکۆ کرایەوە پاتریاکی کلدان لە عێراق و جیهان.
 
رۆژی 05-06-2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە فەرمانی دیوانی ژمارە 24228  بڕیاریدا کاردیناڵ پاتریارک لویس ساکۆ، بکرێتە پاتریارکی کلدان لە عێراق و جیهان. دەبێتە لێپرسراوی وەقفی کەنیسەی کلدانی.
 
رۆژی سێشەممە، 11-06-2024، لە رێوڕەسمێکدا لویس ساکۆ، کۆپی فەرمانە دیوانییەکەی محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراقی لە بەغدا وەرگرت. 
 
رۆژی 3-7-2023، مەرسوومی ژمارە (31)ـی سەرۆکایەتیی کۆمار لە ژمارەی (4727)ـی رۆژنامەی وەقائیعی عێراق بڵاوکرایەوە و تێیدا بڕیاری کشانەوەی مەرسوومی ژمارە (147)ـی ساڵی 2013ـی راگەیاند و پلەی پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان لە کاردیناڵ لویس رافایل ساکۆ سەندرایەوە.
 
رۆژی 13-07-2023 نووسینگەی سەرۆککۆماری عێراق روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "پێشتر دوو مەرسوومی کۆماریی بۆ دوو کەسایەتی ئایینی دەرکراون، بەڵام بۆیان نوێ نەکراوەتەوە، چونکە هیچ بنەمایەکی دەستوورییان نەبووە، وەک چۆن هیچ مەرسوومێکی کۆماری نییە بۆ دامەزراندنیان، چونکە مەرسوومی کۆماری تەنیا بۆ فەرمانبەران لە دامەزراوە و سەرۆکایەتی و وەزارەتەکان و ئۆرگانە حکومییەکان دەردەچێت."
 
نووسینگەی سەرۆککۆماری عێراق دەڵێت: "کشاندنەوەی مەرسوومی سەرۆکایەتی زیان بە پێگەی ئایینی یان یاسایی کاردیناڵ لویس ساکۆ ناگەیێنێت، چونکە لەلایەن قەداسەتی پاپا فرانسیس و کەنیسەی کاسۆلیکییەوە پلەی پاتریارکی کەنیسەی کلدانی عێراق و جیهانی پێدراوە." 
 
رۆژی سێشەممە، 31ـی تشرینى یەکەمى 2023 دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق ئەو سکاڵایەی یەکلایی کردەوە، کە کاردیناڵ لویس ساکۆ، پارتریارکی کلدانە کاسۆلیکەکانی عێراق و جیهان لە دادگەکە لە دژى لەتیف رەشید، سەرۆککۆمار تۆماری کردبوو و رایگەیاند، هیچ پاساوێک نییە، بۆ ئەوەی مەرسوومەکەی سەرۆککۆمار بە "نادەستووری" بزانێت. 
 
کەنیسەی کلدانی بە یەکێک لە گەورەترین کەنیسەکانی عێراق دادەنرێت، بەگوێرەی خەمڵاندنەکان، ژمارەی کریستیانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان ئێستا 400 هەزار کەس تێناپەڕێنێت، لە کاتێکدا دوو دەیە لەمەوبەر ژمارەیان ملیۆنێک و 500 هەزار کەس بوو، بەڵام بەهۆی گرژی و ململانێکانەوە، زۆربەیان کۆچیان کرد.